گەورەترین توێژینەوەى پێداچوونەوە گەیشتە ئەو ئەنجامەى ئەنجامدانى وەرزش بەشێوەیەکى رێکخراو رەنگە ببێتە هۆى کەمکردنەوەى لێکەوتە نەرێنییەکانى چارەسەر جۆراوجۆرەکانى شێرپەنجە.
توێژینەوەکە کە توێژەرانى نەخۆشخانەى شینجینگ-ى سەر بە زانکۆى چینى پزیشکى ئەنجامیاندا، شیکردنەوەیان بۆ 485 حاڵەتى نێو 80 توێژینەوەى زانستى کرد کە لە دەیەى رابردوودا بڵاوکراونەتەوە.
ئەم پێداچوونەوە بەرفراوانە گەیشتە ئەو ئەنجامە یەکلاکەرەوەی کە وەرزشکردن تەنها چالاکییەکى خۆشیبەخش نییە، بەڵکو بووەتە سەرچاوەیەکى سەرەکى لە پرۆتۆکۆڵە چارەسەرییە نوێیەکان.
ئەنجامەکان دەریانخست، کە ئەنجامدانى وەرزش بەشێوەیەکى رێکخراو و بەرچاو ئەو زیانانە کەمدەکاتەوە کە چارەسەرى کیمیایى لەسەر دڵ و دەمارەکان دروستیدەکات.
هەروەک باشبوونێکى گەورە لە نیشانەکانى تەمى مێشک بەدیکراوە کە زۆرێک لە نەخۆشان بەدەستیەوە دەناڵێنن و، کاریگەریی نەرێنى هەیە لەسەر ئەرکە ژیرییەکان و یادگە. هەر ئەوەندەش نا، بەڵکو باشبوون لە تواناى کۆئەندامى هەناسە و کەمبوونەوەى حاڵەتەکانى هەناسەتوندیی قورسیشى گرتووەتەوە.
لە ئەنجامە بێ پێشینەکانیشدا توێژینەوەکە گەیشتە ئەوەى، ئەو نەخۆشانەى وەرزشیان کردووە بەر لە ئەنجامدانى نەشتەرگەرى ئەنجامى باشتریان بەدەستهێناوە پاش نەشتەرگەرییەکە.