ئەمڕۆ پێنجشەممە وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئاشكرایكرد، هەوڵەكانیان بەردەوامن بۆ دابەزاندنی نرخی خواردەمەنییەكان و دوای مانگی رەمەزانیش دابەشكردنی هێلكە و گۆشت و مریشك بەردەوامدەبێت.
محەمەد حەنون وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، چەندین بڕی دیكەی ئارد، شیر، هێلكە و مریشك بە شێوەی راستەوخۆ و بە نرخی پاڵپشتیكراو بە هاوڵاتییان دەفرۆشن بۆ ئەوەی قۆرخكاری نەمێنێت و نرخی خۆراك هەرزانببێت.
حەنون ئاشكراشیكرد، لە داهاتوویەكی نزیكدا وەزارەتی بازرگانی دەستدەكات بە دابەشكردن و فرۆشتنی گۆشتی سوور، ماسی و پەنیر بە نرخی كەمتر لە نرخی بازاڕ بە هاوڵاتییان و پرۆسەكە بەردەوامدەبێت.
لە رۆژانی رابردوودا وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاندبوو، بەشەخۆراكی مانگانەی هاوڵاتییان بۆ مانگی رەمەزان ئامادەیە و هەوڵدەدەن مریشك و هێلكەش دابەشبكەن.
لەو بارەیەوە وتەبێژەكەی وەزارەتی بازرگانی جەختیكردەوە، ئەو پرۆسەیە دوای مانگی رەمەزانیش بەرداوەمدەبێت.