وەزارەتی دەرەوەی توركیا وەڵامی بڕیاری سزاكەی ئەمریكای دایەوە و ڕاگەیاند، ئەو جۆرە بڕیارە زیان بە پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەگەیەنێت.
پاش ماوەیەكی كورت لە بڕیارەكەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بۆ سەپاندنی سزا بەسەر بەرپرسێكی باڵای توركیادا، وەزارەتی دەرەوەی توركیا ڕایگەیاند، بە هەموو جۆرێك ئەو جۆرە “سزا تاكلایەنانە”ی ئەمریكا ڕەت دەكەنەوە.
دەرەوەی توركیا ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو هەنگاوەی ئەمریكا زیان بە پەیوەندییەكانی نێوان توركیا و ئەمریكا دەگەیەنێت، داواشی كردووە، ئەو وڵاتە بە بڕیارەكەیدا بچێتەوە.
وەك ڕوونكردنەوەیەكیش لەسەر ئەو هەنگاوەی وەزارەتی گەنجینە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، هۆكاری سەپاندنی ئەو سزایە بەسەر توركیادا كڕینی سیستمی ئێس400ی ڕوسی بووە.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 14ی كانونی یەكەم، میدیاكانی ئەمریكا ئاشكرایانكرد، ئەمڕۆ دووشەممە 14ی كانونی یەكەم، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا بڕیاریداوە بە سەپاندنی سزا بەسەر سەرۆكی دەستەی پیشەسازیی بەرگریی توركیادا.
لەلایەكی دیكەوە ئاژانسی ئانادۆڵوی توركی بڵاویكردەوە، “بەهۆى كڕينى سیستمى بەرگريى ئاسمانیى ئێس-400 لە ڕوسيا، ئهمریكا برياریداوە ژمارهیهك سزا بەسەر توركيادا، بسهپێنێت”.
پێشتر چەندین جار ئەمریكا بە ڕاستەوخۆیی هۆشداری بە توركیا دا لە كڕینی سیستمە ڕوسییەكە، بەڵام توركیا سووربوونی خۆی بۆ كڕینی ئەو سیستمە ڕاگەیاند.