بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان لەگەڵ بەشێك لە نووسەران و ئەدیبانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە شاڵاو كۆسرەت ڕەسوڵ و ستران عەبدوڵا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئامادەبوون، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی رۆشنبیری و ئەدیبان و نووسەران، ئازادی رادەربڕین و فراوانكردنی پانتاییەكانی ئازادی گفتوگۆیان لەبارەوەكرا و چەند پێشنیارێكی گرنگ خرانەڕوو.
سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە رۆڵ و پێگەی نووسەران كرد لە قۆناغە جیاوازەكانی مێژووی كورد و هەوڵەكانیان لەپێناو پێشخستن و هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە و رایگەیاند، كورد خاوەنی میراتێكی دەوڵەمەندی ئەدەبی و رۆشنبیرییە و مێژوویەكی درەوشاوەمان هەیە لەو بوارەدا.
نووسەرانی كورد و بەرهەمەكانیان لەسەر ئاستی جیهان پێشوازییان لێدەكرێت و ئەمەش جێگەی شانازیی ئێمەیە. وتیشی، لە قۆناغی سەختی خەباتدا ئەدیبان و نووسەران رۆڵێكی گرنگیان هەبووە و ئێستاش كاریگەری بەرچاویان هەیە لە كۆمەڵگەدا، بۆیە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەوڵەكانی ئێوە لەیاد ناكات و بەشانازییەوە هاوكار و یارمەتیدەرتان دەبێت.
سەبارەت بە پرسی ئازادی بیروڕا و سنوورداركردنی هەوڵەكانی نووسەران و ئەدیبان لە هەرێمی كوردستان وتی، مێژووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەوڵەمەندە بە چەندین نووسەر و ئەدیبی ناسراو كە جێدەستیان لەناو حزبەكەدا دیارە و خەباتی بێوچانیان لەپێناو كوردستاندا كردووە، بەهەمان شێوە حزبەكەش پاڵپشت و پشتیوانێكی گەورەی نووسەران و ئەدیبان بووە.
بەردەوام لەگەڵ پتەوكردنی پایەكانی دیموكراسی و بیری ئازاددا بووین، هەوڵەكانی سەرۆك مام جەلال و هێرۆ خانیش لەو بوارەدا شاهیدی ئەو راستییەمان بۆ دەدەن. وتیشی، ئەگەر لە هەرجێگایەكیتر هەوڵێكی لەو شێوەیە هەبێت بۆ بەرتەسككردنەوەی ئازادی، ئەوا ئێمە بەهیچ شێوەیەك لەگەڵیدا نین و هیوادارم لەوە زیاتر رووخساری هەرێمەكان لەبەردەم كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناشرین نەكرێت.
سەرۆك بافڵ داواشیكرد نووسەران لە خزمەت خەمی گشتی و بەرەوپێشچوونی كایەكانی رۆشنبیریی كوردیدا بن و وتیشی، “رەخنەگرێكی سەرسەختی دۆخەكە بن و سەرەتاش لە بافڵ جەلال تاڵەبانییەوە دەستپێبكەن، نووسین بەرپرسیارێتییە و ئێوەش بەرپرسیارێتییەكی گەورە و مێژووییتان لەسەر شانە و قەڵەمێكی راستگۆ و سەنگین بن بەرامبەر خوێنەرانتان”.
سەبارەت بە هەماهەنگی و فراوانكردنی پەیوەندییەكانی نووسەران لە هەر چوارپارچەی كوردستان سەرۆك بافڵ داوایكرد، پەیوەندییەكانتان فراوان و توندوتۆڵ بكەن و پێكەوە لە خزمەت فەرهەنگ و زمانی شیرینی كوردیدا بن.
لەبارەی سەرنج و پێشنیارەكانی نووسەران و ئەدیبانیش بۆ بەرەوپێشچوونی رەوتی ئەدەبی و دۆخی نووسەران لە هەرێمی كوردستان چەند بڕیارێكی گرنگی دەركرد و وتی، “ئێوە شانازیی ئێمە و هەموو خەڵكی كوردستانن، بۆیە لەداهاتوودا بە كردار وەڵامی هەوڵ و ماندووبوونتان دەدەینەوە و بەڵێنتان پێدەدەین پاڵپشت و پشتیوانی بەردەوامی ئێوەبین”.