هەپەگە ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە شەڕەكەی شەوی ڕابردوو بڵاوكردەوە

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە شەڕەكەی شەوی ڕابردووی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتی كرێكارانی كوردستان بڵاو کردەوە.

هەپەگە ڕایگەیاند، “هێزەکانی پەدەکە دەستڕێژی گولـلەیان لە دوو ئۆتۆمبێلی گەریلاکانمان کردووە و لە ئەنجامیدا سێ گەریلا برینداربوون، کە دۆخی دووانیان ناجێگیرە.”

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، “ڕۆژی 13ی ئەم مانگە کاتژمێر 10ی پێشنیوەڕۆ، لە نزیک گوندی ڕەشانکێ لە شارەدێی زاویتەی سەر بە دهۆک، هێزە تایبەتەکانی پەدەکە، ئۆتۆمبێلێکیان ڕاگرت کە هەڤاڵانی ئێمە و ئەندامی ڕێکخستنێکی دۆستمانی تێدابوون، هێزەکانی پەدەکە کە بینییان گەریلا لەناو ئۆتۆمبیلەکەدایە، بە قورسی دەستڕێژی گولـلەیان لە ئۆتۆمبێلەکە کرد.”

لە بەشێكی تری ڕاگەیاندراوەكەی هەپەگە-دا هاتووە، “هەر ئێوارەی ئەو ڕۆژە کاتژمێر 08:30 خولەک، لە ناوچەیەکی نێوان گوندەکانی کانی و سەرگەلێ لە ناوچەی ئامێدی، کە ساڵانێکە ئۆتۆمبێلەکانمان تێیدا هاتووچۆ دەکەن، ئۆتۆمبێلێکمان کە لە ڕێدابوو لەلایەن زرێپۆشەکانی پەدەکەوە، کە چەکی قورسیان پێبوو، گەمارۆدرا، ئۆتۆمبێلەکەی ئێمەش بێ ئەوەی بووەستێت بەردەوامی بە ڕێگای خۆیداوە، بەڵام هێزەکانی پەدەکە بە چڕیی دەستڕێژیان لە ئۆتۆمبێلەکە کردووە، لەسەر ئەوەش  شەڕ ڕوویداوە و لە ئەنجامیدا سێ هەڤاڵمان برینداربوون، کە دۆخی دووانیان ناجێگیرە.”

هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) پێیوایە ئەو كارە بە بەرنامە كرابێت و دەڵێت، “ئاشکرایە کە بڕیار دراوە بە بەرنامە ڕێگە لە ئۆتۆمبێلەکانمان بگیردرێت و بیانکەنە ئامانج، بۆیەش ئەم ڕووداوە هێرشکارییە، بەرپرسیارێتی ئەم ڕووداوانە لە ئەستۆی ئەو کەسانەیە کە پلانەکەیان داڕشتووە و جێبەجێیان کردووە.”

بابەتی پێشتر

تەندروستیی جیهانی هۆكارێكی نوێی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا ئاشكرادەكات

بابەتی دواتر

هالاند لە بواری تۆپی پێ ڕێچکەی ڕۆناڵدۆ و زڵاتانی گرتووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share