بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە بەدیعە دارتاش، خانمە هونەرمەندی ناسراوی کورد کرد.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دۆخی هونەر و هونەرمەندان لە هەرێمی کوردستان کرا و هۆکار و چارەسەرکردنی کێشەکان بۆ بەرەوپێشچوونی بوارە جیاوازەکانی هونەر تاوتوێکرا و مامۆستا بەدیعە چەند پێشنیار و سەرنجێکی گرنگی خستەڕوو.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی مامۆستا بەدیعە کرد لە بەرامبەر زیاتر لە نیو سەدە بەخششی هونەری و خزمەتەکانی لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا و وتی، “ئێوە نموونە و پێشەنگی ئێمەن و خۆمان بە قەرزاری ماندووبوونتان دەزانین”.
سەرۆکی یەکێتی لەبارەی پێشنیارەکانەوە بەڵێنی پشتیوانی و هاوکاری خۆی و یەکێتی بۆ هونەرمەندان دووپاتکردەوە و رایگەیاند، کوردستان خاوەنی میراتێکی دەوڵەمەندی هونەرییە، ئەمەش جێگای شانازیمانە و دەبێت پەرەی زیاتری پێبدەین.
ئەوەشی وت، “یەکێتی لە رابردوودا پشتیوانتان بووە و دڵنیابن لە داهاتووشدا بەردەوام دەبین و خزمەتتان دەکەین”.