شەوی رابردوو رووداوێكی شەڕ و تەقەكردن لە شاری هەولێر روویدا و تەقەكەرەكە بە چەک رووبەڕووی هێزەکانی پۆلیس بووەوە، پۆلیسیش دەڵێت، “دەستگیركراوە”.
لە راگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویكردەوە، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، دوای ئەوەی شەوی رابردوو بەشی پۆلیسی فریاکەوتن لە حاڵەتێکی شەڕکردن لە بەردەم هۆتێلێک لە شەقامی هەولێر – کەرکوک ئاگادارکرانەوە، دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی مەبەست و دەرکەوت کە شەڕ و دەماقاڵێ لە نێوان خاوەنی هۆتێلەکە و خاوەنی مارکێتێکی ژێر هۆتێلەکەدا دروستبووە.
پۆلیسی هەولێر دەڵێت، “لە ئەنجامدا خاوەنی هۆتێلەکە بە ناوی (ا. م. ق) دەستی خاوەنی مارکێتەکەی بە ناوی (ا. خ. ا) شکاندووە. لە کاتی گەیشتنی هێزەکانی پۆلیس بۆ شوێنی رووداوەكە، خاوەنی هۆتێلەکە بە چەک رووبەڕووی هێزەکانی پۆلیس بووەوە، بەڵام هەر زوو لەلایەن تیمەکانی بەشی پۆلیسی فریاکەوتن دەستگیرکرا و رەوانەی بنکەی پۆلیسی ئیسکان کرا تا رێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر.