بافڵ جەلال تاڵەبانی لەگەڵ شاندێكی كۆماری چین كۆبووەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان پێشوازیكرد لە شاندێكی كۆماری چین بە سەرۆكایەتیی ژوو ‏رووی، یاریدەدەری وەزیر لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كۆمیتەی ‏ناوەندیی پارتی كۆمۆنیستی چین.

لە دیدارێكدا كە رەفعەت عەبدوڵا، بڕیاردەری دەستەی كارگێڕی و د.میران محەمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و سەركەوت محەمەد غەفوور، لێپرسراوی بۆردی پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتی و چوو وەی، باڵیۆزی چین لە عێراق و لیو زین یونگ، كونسوڵی چین لە هەرێم و ژمارەیەك لێپرسراو و راوێژكاری حزبی كۆمۆنیستی چین ئامادەبوون، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی هەرێم و عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كرا و جەخت لە بەردەوامی هەماهەنگی و هاریكارییەكان كرایەوە بە تایبەت لەبوارە سیاسی، ئابوری و كەلتوورییەكان بە شێوەیەك كە هاوكاربێت لەبەرەوپێشچوونی هەرێمی كوردستان.

سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی پەرۆشیی یەكێتی بۆ پەرەپێدان و پتەوتركردنی پەیوەندی لە مێژینەی نێوان هەرێم، یەكێتی و پارتی كۆمۆنیستی چین دووپاتكردەوە و رایگەیاند، “بناغەی ئەم پەیوەندییە پتەوە لەسەر دەستی سەرۆك مام جەلال بونیادنراوە و ئێمەش درێژەپێدەر و هەماهەنگ دەبین”.

لە بەرامبەردا شاندی كۆماری چین جەختیان لە قووڵكردنەوەی پەیوەندییەكان و پشتیوانی زیاتركردەوە لەپێناو گەشەپێدانی هەرێم و بەرەوپێشچوونی لەبوارە جیاوازەكاندا.

بابەتی پێشتر

کۆنترۆڵی جۆری لەبارەی ئەو شرووبەی ژمارەیەک منداڵی کوشتووە روونکردنەوە دەدات

بابەتی دواتر

خوێندنی باڵا زەمالەی خوێندن لە هۆڵەندا رادەگەیەنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share