بڕیاری لێخۆشبوون بۆ پێوەری ئاو درێژكرایەوە و وەزارەتی شارەوانی دەڵێت، “لەسەر داوای ئێمە بووە بڕیارەكە لە ئەنجومەنی وەزیران دەركراوە”.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی هاوڵاتییان، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەسەر داوای وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕەزامەندی دا بە نوێكردنەوەی بڕیاری لێخۆشبوونی بەشێكی كرێی ئاو بۆ ئەو هاوبەشانەی تاوەكو ئێستا پێوەری ئاویان نەبەستووە.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، ئەو بڕیارە سوودێكی زۆر باشی بۆ هاوڵاتییان دەبێت و بەهۆیەوە ڕێژەی بەستنی پێوەری ئاو لەسەر تاسەری هەرێمی كوردستان بەرزبووەوە و گەیشتە نزیكەی 80% و ئەمەش كاریگەرییەكی زۆر باشی هەبوو.
ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، بڕیارەكە تاوەكو 21ی نیسانی ئەمساڵە و هاوڵاتییان لە ئێستاوە دەتوانن سەردانی بنكە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو و كۆكردنەوەی كرێی ئاو بكەن بۆ ئەوەی مامەڵەی بەستنی پێوەریان بۆ جێبەجێبكرێت.