بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد لەگەڵ فالح فەیاز، سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی سیاسی و ئەمنیی وڵات گفتوگۆی لەبارەوە کرا و جەخت لە بەردەوامیی هەماهەنگی و پشتیوانییەکان کرایەوە بۆ سەرخستنی کارنامەی حکومەت و هاریکاریی زیاتری هێزە ئەمنییەکانی هەرێم و عێراق لەپێناو پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکەدا.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە بەهێزترکردنی دامەزراوە ئەمنییەکان و بەرئەنجامی هەماهەنگییە سەربازی و هەواڵگرییەکان کرد و رایگەیاند، هەوڵەکانی رابردوومان لەپێناو پاراستنی ژیانی خەڵک ئەنجامی ئەرێنی و دڵخۆشکەریان هەبووە و دەبێت لە داهاتووشدا بە هەمان رۆحییەت و سیاسەتێکی نیشتمانییەوە رووبەڕووی تیرۆر بووەستینەوە و مەترسییەکان دووربخەینەوە.
هەروەها سەرۆک بافڵ سوپاسی دەستەی حەشدی شەعبیی کرد لە بەرامبەر پێشکەشکردنی هاوکارییەکانیان بۆ قوربانییانی بومەلەرزەکەی سوریا و بەهاناوەچوونیان.