باڵۆنێك و سێ پێكهاتەی نامۆ
چین ئەوانەی لە ئاسمانی ئەمریكای باكووردا بینراون؟

پاشماوەی باڵۆنە چینییەكە پاش خستنەخوارەوەی

خستنەخوارەوەی چوار پێكهاتەی فڕیو لە ئاسمانی ویلایەتە یەكگرتووەكان و كەنەدا-دا لەماوەی كەمتر لە 10 رۆژدا، پرسیار و گومانی زۆری هێناوەتە ئاراوە، دوای ئەوەی واشنتن رایگەیاند، باڵۆنەكەیان چینی بووە و بۆ كاری هەواڵگری بەكارهێنراوە.

باڵۆنێك و سێ پێكهاتە
لە 2ی شوباتدا وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا رایگەیاند، چاودێری باڵۆنێك دەكات كە لە بەرزییەكی زۆردا بەسەر خاكی ویلایەتە یەكگرتووەكاندا دەفڕێت.

واشنتن دووپاتیكردەوە كە پەیوەندیدارە بە باڵۆنێكی هەواڵگریی چینی لەنێو خاكی ئەمریكادا بەر لە چەند رۆژێك.

بەڵام پەككین وەڵامیدایەوە و رایگەیاند، پێكهاتەیەكی مەدەنییە و بۆ مەبەستی توێژینەوە بەكاردەهێنرێت، بەتایبەت بۆ بواری كەشوهەوا، لە پاش چەند رۆژێك، چین رۆژی دووشەممە رایگەیاند، باڵۆنە ئەمریكییەكان چوونەتە بوارە ئاسمانییەكانیەوە “بۆ زیاتر لە 10 جار” لە كانونی دووەمی 2022ەوە.

لە چواری شوبات، سوپای ئەمریكا باڵۆنەكەی لە نزیك كەناراوەكانی ویلایەتی كارۆلاینای باشوور خستەخوارەوە.

دواتر لە 10ی شوبات واشنتن رایگەیاند كە “پێكهاتەیەك”ی فڕیوی لە بەرزییەكی زۆری ئالاسكا خستووەتەخوارەوە، وتەبێژ بەناوی كۆشكی سپی رایگەیاند، “نازانین كێ خاوەنی ئەو پێكهاتەیەیە، وڵاتە یان كۆمپانیا یان تاك.. تا ئەم ساتەش ئامانجی بەكارهێنانی نازانین”.

لەو چێوەیەدا جاستن ترۆدۆ، سەرۆك وەزیرانی كەنەدا خستنەخوارەوەی “پێكهاتەیەكی نامۆ”ی راگەیاند كە لە ئاسمانی باكووری رۆژئاوای كەنەدا لە فڕیندابوو، پاش هەڵمەتێكی هاوبەشی نێوان واشنتن و ئۆتاوا.

یەكشەممەش “پێكهاتە”ی چوارەم لەرێی فڕۆكەیەكی شەڕكەری جۆری (ئێف-16) لە ئاسمانی دەریاچەی هورون لە باكووری ویلایەتە یەكگرتووەكان خرایەخوارەوە.

فڕۆكەی ئەمریكی شەڕكەر لە جۆری (ئێف-22) سێ پێكهاتەی یەكەمی بە مووشەكی (ئێم-9 ئێكس) خستەخوارەوە، وەك ئەوەی دەسەڵاتداران ئاماژەیان پێدا.

باڵۆنە چینییەكە درێژییەكەی نزیكەی 60 مەتر بوو، هەڵگری بۆكسێك بوو كە كێشەكەی زیاتر لە تۆنێك بووە، وەك ئەوەی پنتاگۆن ئاماژەی پێدا، لەكاتێكدا قەبارەی بە نزیكەیی هێندەی سێ پاس بووە.

گەورە بەرپرسێك لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، باڵۆنەكە “ئامادەكراو بووە بە ژمارەیەكی زۆری ئامیر، كە بە ئەگەرێكی زۆرەوە تایبەت بووە بە كۆنتڕۆڵی پەیوەندییەكان و دیاریكردنی شوێنە جوگرافییەكەی” و “هەروەها ژمارەیەك پانێڵی خۆری گەورەی پێوەبووە بۆ بەردەستخستنی وزەی پێویست بۆ كارپێكردنی ژمارەیەك ئامێری هەستیاری تایبەت بە كۆكردنەوەی زانیاری”.

دوو پێكهاتەكەی دوای ئەو بەقەد قەبارەی ئۆتۆمبێلێكی ڤۆڵكسڤاگن بیتل (لەناو خەڵكی گشتی بە بۆقی ناودەبرا) بووە، وەك ئەوەی بەرپرسان ئاماژەیان پێدا.

پێچەوانەی باڵۆنە چینییەكە، پێكهاتەی دووەم ئامێری پاڵنان و ئاراستەكردنی نەبووە كە خۆكار بەڕێوەبڕوات، وەك ئەوەی كۆشكی سپی ئاماژەی پێدا.

هەرچی پێكهاتەی سێیەمە “شێوە بازنەیی” بووە، وەك ئەوەی ئەنیتا ئەناند، وەزیری بەرگریی كەنەدا روونیكردەوە، لە ئاسمانی یۆكۆن خراوەتە خوارەوە، لە دووریی نزیكەی 160 كیلۆمەتر لە سنووری كەنەدا-ئەمریكا.

سەبارەت بە پێكهاتەی چوارەم “شێوە هەشتگۆشە” و “بەبێ بۆكسی دیار” بووە، وەك ئەوەی گەورە بەرپرسێكی ئیدارەی ئەمریكا ئاماژەی پێدا. پێكهاتەی دووەم و سێیەم لە بەرزیی نزیكەی 12 هەزار مەتر فڕیون، چوارەمیان لە بەرزیی شەش هەزار مەتردا بووە.

هەموو ئەو پێكهاتانە ئەگەری ئەوەی هەبووە مەترسی لەسەر سەلامەتیی گەشتە مەدەنییەكان دروستبكات، وەك ئەوەی دەسەڵاتداران دووپاتیانكردەوە.

شیكردنەوە بۆ پاشماوەكەی
دەسەڵاتدارانی ئەمریكا بەردەوامن لە كۆكردنەوەی پاشماوەی باڵۆنە چینییەكە لە زەریای ئەتڵەسی و لە نزیك كەناراوەكانی كارۆلاینای باشوور لەڕێی فڕۆكە، بەلەم و ژێرئاوگەڕی بچوكەوە.

بەرپرسێك لە نوسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی كە راسپێردراوە بە شیكاری بۆ پاشماوەكە وتی، “چەند بەشێكی بچوكی” ئامێری چاودێرییەكەی گەڕێندراوەتەوە.

تاقیگەكانی نوسینگەی لێكۆڵینەوەكان لە كۆنیتكۆ-ی ویلایەتی ڤێرجینا شیكردنەوە و وردبینییان بۆ ئەو پارچانەی كۆكراوەتەوە كردووە، بەپێی وتەی ئەو بەرپرسە.

پاشماوەی ئەو پێكهاتەیەی لە ئاسمانی ئالاسكا خرایە خوارەوە، لە ئاوە بەستووەكانی نزیك سنوورەكانی كەنەدا كەوتە خوارەوە، بەپێی ئەوەی كۆشكی سپی ئاماژەی پێدا.

جاستن ترۆدۆ روونیكردەوە، هێزەكانی كەنەدا “پاشماوەی (پێكهاتەی سێیەم) دەگەڕێنێتەوە و شیكردنەوەی لەسەر دەكات”، لەكاتێكدا پنتاگۆن رایگەیاند، تیمێكی ئەمریكی و كەنەدی لە هەڵمەتێكدان بۆ گەڕاندنەوەی پێكهاتەی چوارەم.

بۆچی ئەم پێكهاتانە لە ئێستادا؟
پسپۆڕان دەڵێن، هەواڵگرییەكانی ئەمریكا و كەنەدا بەشێوەی بەردەم بڕێكی زۆر لە زانیارییان پێدەگات و بەتایبەتیش هەوڵدەدەن بۆ زانینی ئەگەری هەر مووشەكێكی ئاراستەكراو نەك پێزانین و ئاشكراكردنی پێكهاتەیەكی خاو لە جوڵەدا وەك باڵۆن.

میلیسا دالتۆن، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریكا رایگەیاند، پاش درككردن بە باڵۆنە چینییەكە، بەرگریی ئاسمانیی ئەمریكا سیستمێكی راداری تایبەتی بونیادناوە بۆ دۆزینەوەی پێكهاتەی بچوكتر كە لە جوڵەی خاوتردا بڕوات.

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پێیوایە سوپای چین باڵۆنەكەی ئاراستەكردووە، لە چێوەی كاروانێك كە پەككین رەوانەی ئاسمانی زیاتر لە 40 وڵاتی لە پێنج كیشوەردا كردووە بە مەبەستی كاری هەواڵگری.

هەندێك لە شارەزایان وای دەبینن كە ئەوەی روودەدات سەرەتای پرۆسەیەكی هەواڵگریی چینیی بەرفراوانە بۆ زانینی توانا سەربازییە بیانییەكان، بەر لە ئەگەری زیادبوونی بارگرژییەكان دەربارەی تایوان لە ساڵانی داهاتوودا.

س: فرانس پرێس + ئەلحوڕە.

بابەتی پێشتر

د. بڕیار رەشید: سلێمانی دووبارە قوربانییە        

بابەتی دواتر

وەزارەتی دەرەوە: 11 عێراقی لە بومەلەرزەكەی دووشەممە گیانیان لەدەستداوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

تەپڵی شەڕ مانۆڕی ئەتۆمیی تێكەوت
سەرۆكی ئۆكرانیا لە میونخەوە: ڕوسیا و جوداخوازەكان شەڕیان دەوێت، نەك ئێمە

لە دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆكرانیا گرژی بەردەوامە، لایەنگرانی ڕوسیا، ئۆكرانیا بە هێرشكردنە سەریان تۆمەتبار دەكەن، بەڵام سەرۆكی ئۆكرانیا بەپێچەوانەوە،…
Total
0
Share