تەپڵی شەڕ مانۆڕی ئەتۆمیی تێكەوت
سەرۆكی ئۆكرانیا لە میونخەوە: ڕوسیا و جوداخوازەكان شەڕیان دەوێت، نەك ئێمە

لە دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆكرانیا گرژی بەردەوامە، لایەنگرانی ڕوسیا، ئۆكرانیا بە هێرشكردنە سەریان تۆمەتبار دەكەن، بەڵام سەرۆكی ئۆكرانیا بەپێچەوانەوە، خوداخوازەكانی دۆنباس بە هێرش تۆمەتبار دەكات، هێزە ئەتۆمییەكانی مۆسكۆش بە سەرپەرشتیی پوتین مانۆڕیان ئەنجامدا.

ئاژانسی هەواڵی ڕوسیا لە زاری كۆشكی سەرۆكایەتیی وڵاتەكەوە بڵاویكردووەتەوە، ڤلادمێر پوتین سەرۆكی ڕوسیا فەرمانی بە هێزە ئەتۆمییەكانی وڵاتەكەی كردووە مانۆڕی سەربازی ئەنجامبدەن، كە تیایدا مووشەكەكانی كروز و بالیستی تاقیكراونەتەوە.

كریملین مانۆڕەكەی بە “سەركەوتوو” وەسفكردووە و “مووشەكەكان تەواوی ئامانجە دیاریكراوەكانیان پێكاوە”.

لەگەڵ ئەوەی خودی پوتین سەرپەرشتیی مانۆڕەكەی كردووە، بەڵام دیمیتری بیسكۆڤ وتەبێژی كریملین دووپاتیكردووەتەوە، “مانۆڕەكە بەشێكە لە ڕاهێنانە ئاساییەكان”.

لە خۆرهەڵاتی ئۆكرانیاش، كە هەردوو كۆماری دۆنیتسك و لۆگانسك لەخۆدەگرێت و یەكلایەنە ڕاگەیەندراون، “سەفەربەڕی” ڕادەگەیەنن و ئەندامانی یەدەگی سوپا بانگهێشتدەكەن بۆ پەیوەندیكردن بە سوپاوە.

دوو كۆمارەكەی خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا مەیلیان بەلای ڕوسیاوەیە، هۆكاری هۆشدارییە سەربازییەكە دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی ئۆكرانیا هەڵمەتە سەربازییەكانی هەڵكشاندووە بەرامبەر بە ناوچەكە و “بە هاوەن و بۆمبی دەستی ناوچەكە بۆردوومان دەكات”، تەنانەت هێزە ئۆكرانییەكان بە “دوژمن” وەسفدەكەن و دەڵێن، “پۆلیسی میللی بە تەقە وەڵامی دوژمنی داوەتەوە”.

پێشتر ڕوسیا سەرەڕای دووپاتكردنەوەی نەبوونی هیچ نیەتێك بۆ هێرشكردنە سەر ئۆكرانیا، بەڵام نەیشاردووەتەوە كە ئامادەیە بەرگری لە ناوچەی دۆنباسی خۆرهەڵاتی ئۆكرانیا بكات، كە هەردوو كۆماری دۆنیتسك و لۆگانسك لەخۆدەگرێت.

كەمێك لەمەوبەریش لە كۆنفرانسەكەی میونخ، ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرانیا وتاری پێشكەشكرد، دووپاتیكردەوە، “ڕوسیا پشتگیریی خوداخوازەكانی دۆنباس دەكات و ئەوانن دەیانەوێت شەڕ هەڵبگیرسێنن، ئەگەر نا ئێمە شەڕمان ناوێت”.

زیلینسكی پێچەوانەی لێدواین خوداخوازەكانی دۆنباس، ڕایگەیاند، ئەوانن كە ناوچەكانی ئۆكرانیا بۆردومان دەكەن، نەك بەپێچەوانەوە.

بەڕوونیش داوای پشتگیریی یەلاكەرەوەی لە ناتۆ كرد، لەگەڵ ئەوەی دووپاتیكردەوە، پێویستە ڕێگری لە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی سێیەم بكرێت.

بابەتی پێشتر

وێستهام 1-1 نیوکاسڵ

بابەتی دواتر

به‌راورد به‌كردنه‌وه‌ى بازاڕ دۆلار 500 دینار دابه‌زی

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share