لە دۆسیەی نوقمبوونی بەلەمی کۆچبەراندا گومان لە یۆنان دەکرێت

میدیا جیهانییەکان تیشکیان خستووەتەسەر زانیارییە ناکۆکەکان سەبارەت بە نوقمبوونی کەشتییەکی کۆچبەران لە ڕۆژی چوارشەممەدا، لە کەناراوەکانی یۆنان، بەپێی میدیا جیهانییەکان، گومان لە زانیاریی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان هەیە کە دەڵێن ئەو کەشتییە داوای یارمەتی نەکردووە و هیچ نیشانەیەکی ئاراستە نەکردوون کە لە کێشەدایە.

بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، چەند رۆژێک دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو بەلەمێک کە بە سەدان کۆچبەری نایاسایی هەڵگرتبوو لەبەردەم کەشتییەکی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان نوقم بوو، بەرپرسانی یۆنان بەڕوونی ئەوەیان خستەڕوو کە ئەوان هیچ هەنگاوێکیان بۆ رزگارکردنیان نەناوە چونکە کۆچبەرەکان خۆیان نەیانویستووە.

رۆژنامەکە لە راپۆرتێکدا، رۆژی دووشەممە، لە زاری وتەبێژی پاسەوانی کەناراوەکانەوە، نیکۆس ئەلێکسیۆ، رایگەیاندووە کە دەستێوەردانەکانیان مەترسیدار دەبوو، بەو پێیەی کەشتییەکە قەرەباڵغییەکی زۆری تێدابووە و پڕ بووە لە کۆچبەر.

ئەلێکسیۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، هەوڵدان بۆئەوەی بەزۆر لە کەشتییەکە دەریانبهێنین بەبێ هاوکاریی تیمی فڕۆکەوانی یان سەرنشینەکان خۆیان، دەکرا ببێتە هۆی ڕووداوێکی دەریایی.

ئەو بەرپرسە یۆنانیە وتویەتی، هەرچەندە کەشتییەکە لە ناوچەی گەڕان و ڕزگارکردنی یۆنان بووە، بەڵام “ناتوانیت دەستوەردان بکەیت لە ئاوە نێودەوڵەتییەکان دژی بەلەمێک بە قاچاغ و نایاسایی دەیەوێت خەڵک بپەڕێنێتەوە.

بەڵام بەپێی رۆژنامەکە ئەلێکسیۆ مەبەستی قاچاغی ماددەی هۆشبەر یان چەک بووە نەک مرۆڤ.

بەڵام رۆژنامەکە پێی وایە بڕیاری دەستوەردان نەکردن ترسی دروست کردووە، کە دەسەڵاتدارانی یۆنان پێیانوابووە ئەم کۆچبەرانە کێشەی ئیتاڵیان و کێشەی یۆنان نین چونکە بەنیازبوون بەرەو ئیتالیا بپەڕنەوە، ئەمەش کارەساتێکی لێکەوتەوە کە دەکرا ئەو کەسانە رزگاربکرێن.

ئاژانسی ئەسۆشێیتد پرێس دەڵێت، ئەو کارەساتەی کە رۆژی چوارشەممە روویدا و بەهۆیەوە کەشتییەکی کۆچبەران کە 750 پیاو، ژن و منداڵی هەڵگرتبوو نوقمبوو، بە یەکێک لە کارەساتەکانی کۆچبەران دادەنرێت، لەو ژمارە زۆرە تا ئێستا تەنها 104 کەس رزگارکراون و دەسەڵاتدارانی یۆنان توانیویانە تەرمی تەنها 81 کەس بدۆزنەوە.

لەبارەی هەمان دۆسیەوە، بی بی سی، رۆژی دووشەممە بڵاویکردەوە، بەڵگەی دەستکەوتووە کە گومان لە ئەکاونتی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان دروست دەکات، روونیکردەوە کە شیکارییەکانی جوڵەی کەشتییەکانی دیکەی ناوچەکە ئاماژە بەوە دەکات کە کەشتییە کۆچبەرەکە لانیکەم بۆ ماوەی حەوت کاتژمێر پێشتر نەجووڵاوەتەوە لەو ماوەیەدا زانیویانە کە وەرگەڕاوە.

رۆژنامەی بی بی سی بڵاویکردەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پاسەوانی کەناراوەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لەم کاتژمێرانەدا بەلەمەکە لە رێگادا بووە بۆ ئیتاڵیا و پێویستی بە ڕزگارکردن نەبووە لەکاتێکدا ئەوە دوورە لە راستییەوە.

پێگەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە دەسەڵاتدارانی یۆنان هێشتا وەڵامی ئەو ئەنجامەی بی بی سییان نەداوەتەوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی بی بی سی، نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێکۆڵینەوەی لە مامەڵەی یۆنان لەگەڵ کارەساتەکەدا کردووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە دەبوو زووتر رێوشوێنی زیاتر بگیرێتەبەر بۆ دەستپێکردنی هەوڵی ڕزگارکردنی بەرفراوانی کۆچبەران.

بەپێی هەواڵێکی بی بی سی، بەرپرسانی یۆنان پشتڕاستیان کردەوە کە ئەوانەی لەناو کەشتییەکەدا بوون وتوویانە یارمەتییان ناوێت و مەترسییان لەسەر نییە تا تەنها چەند خولەکێک پێش ئەوەی بەلەمەکەیان نوقم بێت.

بەڵام بی بی سی ئەنیمەیشنێکی کۆمپیوتەریی داتاکانی بەدواداچوونی بەدەستهێناوە کە لەلایەن پلاتفۆرمی شیکاریی دەریایی مارین ترافیکەوە خراوەتەڕوو و دەریدەخات بەلەمەکەی کۆچبەران بۆ ماوەی حەوت کاتژمێر لە ناوچەیەکی بچووک و دیاریکراودا وەستاوە، دواتر لەوێ نوقم بووە، ئەمەش گومانی لەسەر ئەو بانگەشەیەی یۆنان دروستکردووە کە کەشتییەکە لە رێگادا بووە و هیچ ئاماژەیەکی نەبووە بۆ ئەوەی لە کێشەدایە.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردەوە ، کە بەلەمەکە لە کاتی دەستنیشانکردنی تا نوقمبوونی 30 میل دەریایی جوڵەی کردووە .

شارەزایان بە ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز دەڵێن، دەسەڵاتدارانی یۆنان یاسای دەریایییان پێشێل کردووە.

بەگوێرەی رۆژنامەکە، یاسای یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی 2014 کە “رێساکانی کۆنتڕۆڵکردنی سنوورە دەریاییە دەرەکییەکان دیاری دەکات”، بوونی داواکاری هاوکاری بە رێگایەک بۆ زانینی کێشەی لە کەشتییەکاندا دادەنێت بەڵام وەک تاکە هۆکار باسی ناکات.

ئاژانسی ئەسۆشێیتد پرێس بڵاویکردەوە، ئەو هەژمارە نوێیانە پرسیاری زیاتریان لەسەر وەڵامی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان دروستکردووە، بەوەی هەر لەو ساتەوەختەی کەشتییەکە بینراوە کە کێشەی هەبووە تا نوقمبوونی.

بەگوێرەی ئاژانسەکە، پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان رەخنەی زۆریان لێگیراوە، بەوەی پێش ئەوەی کەشتییەکە نوقم ببێت، هەوڵی رزگارکردنی کۆچبەرەکانیان نەداوە.

بابەتی پێشتر

میلان و پاریس گرەو لەسەر تورام دەکەن

بابەتی دواتر

بە تۆمەتی دزینی ئۆتۆمبێل کەسێک لە سلێمانی دەستگیرکرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share