ئەو بوومەلەرزەیەی کە لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوودا تورکیا و سوریای گرتەوە، تا ئێستاش لە سەرانسەری جیهاندا باسێکی گەرمە و ژمارەی کوژراوان بۆ زیاتر لە 35 هەزار کەس بەرزبووەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەزاران باڵەخانە و رووخاون و وێران بوون.
لەگەڵ بەردەوامبوونی گەڕان بەدوای رزگاربووان لە ژێر داروپەردوودا، هەستی ترس و دڵەراوکێ لە بوومەلەرزە نوێیەکان لەناو دانیشتوانی ئەو دوو وڵاتەدا هێشتا ماوە.
لەم چێوەیەدا جێگەی سەرنجە کە چەند رۆژێک پێش بوومەلەرزەکە لێکۆڵینەوەیەک دەرچوو، کە پشتڕاستی کردەوە گۆڕانکارییەکی گەورە لە کرۆکی زەویدا ڕوویداوە و لەوانەیە بۆ ماوەیەکی کاتی سووڕانەوەکەی وەستابێت.
هەندێک تیۆریش ناوەڕۆکی توێژینەوەکەیان بەستەوە بە بوومەلەرزە وێرانکەرەکەوە.
بەڵام دکتۆر تۆنی نیمر پسپۆڕی جیۆلۆجی و بومەلەرزەزانی پێیوایە کە “وەستانی کاتیی کرۆکی زەوی لە سووڕانەوە شتێکی ئاسایی و هەمیشەییە و کاریگەریی لەسەر جوڵە و دروستبوونی بوومەلەرزەکان نییە، هەروەها هیچ پەیوەندییەکی بە گۆڕانی کەشوهەواوە نییە”.
زەوی لە سێ بەش پێکدێت (توێکڵ، بەشی ڕەق و کرۆکی زەوی) بەشی کرۆکی زەوی لە ساڵی 1936 دۆزرایەوە.
ئەو پسپۆڕە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەدا کە “ئەو کەسانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە زانیارییان لەسەر بوومەلەرزە و کاتی ڕوودانی هەیە تەنها ترس لەناو خەڵکدا بڵاودەکەنەوە و ئامانجیان بەناوبانگ بوونە.
جەختیکردەوە کە “ئەو ناوچەیەی کە شایەتحاڵی بوومەلەرزەکە بووە، دوای بوومەلەرزەکە شوێنی خۆی دەگرێتەوە و چەند ڕۆژێکی دەوێت تا سەقامگیر دەبێت، هەروەها ئەو پاشلەرزانەی کە ڕۆژانە لە تورکیا تۆمار دەکرێن ئاسایین”.
وتیشی: “دەتوانین خەڵک دڵنیا بکەینەوە کە خراپترین دۆخ کۆتایی هاتووە و دوای ئەو بوومەلەرزەیە دۆخی زەوی ئاساییە”.
جێگای سەرنجە کە سەرۆکی پەیمانگای نیشتمانیی جیۆفیزیک و گڕکانناسیی ئیتاڵیا، پرۆفیسۆر کارلۆ دۆگلۆنی، پێشتر روونی کردبووەوە، “کە بوومەلەرزەکەی ئەم دواییە بووەتە هۆی جووڵەی لایەکی پلێتی ئەنادۆڵ – کە تورکیای لەسەرە”.