منداڵێكی حەوت مانگ رزگاركرا

پاش مانەوەی بۆ زیاتر لە 140 كاتژمێر لەژێر داروپەردوودا، منداڵێكی تەمەن 7 مانگ لە ناوچەیەكی توركیا رزگاركرا، بەپێی ئامارە فەرمییەكانیش ژمارەی قوربانییانی بومەلەرزەكە بۆ زیاتر لە 28 هەزار بەرزبووەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ منداڵێكی تەمەن 7 مانگ لە ناوچەیەكی باشووری رۆژهەڵاتی توركیا لەلایەن تیمەكانی بەهاناوەچوونەوە رزگاركرا.

بەپێی میدیاكان، دوای ئەوەی تیمەكان گوێیان لە دەنگی منداڵەكە بووە لە ناوچەی هاتای، دوای مانەوەی بۆ زیاتر لە 140 كاتژمێر لەژێر داروپەردووی رووخاودا، توانیویانە رزگاریبكەن.

لای خۆیەوە مارتن گریفیس، یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری مرۆیی هۆشداریدا لەوەی ژمارەی گیانلەدەستدان كە تائێستا 28 هەزاری تێپەڕاندووە “دەبێتە دوو هێندە و زیاتر”.

گریفیس دوێنێ سەردانی پارێزگای مەرەش-ی ناوەندی بومەلەرزەكەی كرد كە دووشەممە رابردووی بە گوڕی 7.8 پلە روویدا و تائێستا بووەتەهۆی گیانلەدەستدانی 28 هەزار و 191 كەس (24617 لە توركیا و 3574 سوریا).

بەرپرسەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان بومەلەرزەكەی بە “خراپترین رووداوی ماوەی 100 ساڵی رابردووی ناوچەكە” ناوبرد.

بومەلەرزەكە كە چەندین پاش لەرزەی دیكەی بەهێزی لە باكوور و رۆژئاوای كوردستان و توركیا و سوریا بەدوای خۆیدا هێنا، بە حەوتەم كارەساتی سروشتیی خوێناوی ئەم سەدەیە دادەنرێت و بومەلەرزەكەی ژاپۆن-ی تێپەڕاند كە ساڵی 2011 روویدا و بووەهۆی تسۆنامی.

ژمارەی قوربانییانیشی لەو 31 گیانلەدەستدانە نزیكدەبێتەوە كە بەهۆی بومەلەرزەكەی ساڵی 2003 وڵاتی ئێرانی گرتەوە.

بابەتی پێشتر

دەنگێکی نامۆ لە بۆشایی ئاسمانەوە زانایان سەرسام دەکات

بابەتی دواتر

لە هەولێر کەسێک لەلایەن ماڵ خەزورییەوە کوژرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share