بڕینی گوێی تێدایە.. ئەو پەنابەرە سورییانەی دەیانەوێت بچنە تورکیا ئەشکەنجە دەدرێن

دەیان پەنابەری سوری کە دەیانەوێت لە ڕێگەی وڵاتی تورکیاوە بگەنە وڵاتانی ئەوروپا و بەرەو تورکیا بەڕێدەکەون ڕووبەڕووی توندوتیژیی جەستەیی دەبنەوە لەلایەن تۆڕە ئێرانییەکانی بەقاچاخبردنەوە، لەکاتێکدا دەیانەوێت لە سنووری ئێرانەوە بگەنە تورکیا.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا و بەتایبەت تویتەر بڵاوبووەتەوە، “تۆڕە ئێرانییەکانی بەقاچاخبردن ئەشکەنجەی جەستەیی پەنابەرەکان دەدەن، لە یەکێک لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا گوێی یەکێک لە پەنابەران دەبڕن”، ئەو قاچاخچییانە ڤیدیۆکان دەنێرنەوە بۆ کەسوکارەکانیان و ‌هەڕەشەیان لێدەکەن و داوای پارەی زیاتریان لێدەکەن لەبەرامبەردا.

لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەردەکەوێت، زۆرینەی ئەو پەنابەرە سورییانە دەستیان بەستراوەتەوە و ئەشکەنجەدەدرێن، ئەو گەنجە سورییەی گوێی دەبڕدێت لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا دەردەکەوێت کە داوای 10 هەزار دۆلاری ئەمریکی دەکەن لەبەرامبەر ڕزگارکردنی کوڕەکەیان.

بەپێی سەرچاوەکان، خێزان و کەسوکاری ئەو پەنابەرانە ئامادەیی پیشاندەدەن بۆ ناردنی ئەو بڕە پارەیە لەبەرامبەر ڕزگارکردنی منداڵەکانیان، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێکیان دەستبەرداری بیرۆکەی چوون بۆ تورکیا دەبن و ڕوودەکەنە هەرێمی کوردستان.

ئاژانسی هەواڵی “میزۆپۆتامیا”ی کوردی کە بەزمانی کرمانجی پەخشدەکات، بۆ یەکەمجار ڤیدیۆی ئەو پەنابەرانەی بڵاوکردەوە و لەماوەیەکی کەمدا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی داگیرکرد، لە ڤیدیۆکەدا ژمارەیەکی زۆر گەنجی سوری دەبینرێن کە لەنێوان بەردی گەورە و ژێر سێبەری بەردەکاندا بە دەستبەستراوی ئەشکەنجە دەدرێن.

باس لەوە دەکرێت لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا لەلایەن یەکێک لە تۆڕەکانی بەقاچاخبردنەوە زیاتر لە 12 پەنابەری سوری بەسەختی بریندارکراون بەهۆی ئەشکەنجەدانیانەوە.

بابەتی پێشتر

کەرکوک.. تەقە لە باوک و کوڕێک کرا و باوکەکە کوژرا

بابەتی دواتر

لەمەودوا ژنان دەتوانن ببنە شاجوان.. تەنانەت ئەوانەی دووگیانیشن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share