جەیمی کاراگێر، ئەفسانەی لیڤەرپوڵ هۆکاری شکستەکانی ئەم وەرزەی لیڤەرپوڵی ئاشکراکرد، ئاماژەی بەوەشکرد کە گرووپی “فێنوای” کاروبارەکانی یانەی بە خراپی بەڕێوەبردووە.
کاراگێر بە “سکای سپۆرت”ی ڕاگەیاندووە، “لیڤەرپوڵ یاریزانی گەنج و بەتەمەنی کۆکردووەتەوە و جیاوازییەکی زۆر لە نێوان تەمەنەکاندا هەیە، ئەوەش بۆ تیپێکی گەورە کە بیەوێت ناسنامەی خۆی بپارێزێت، شتێکی گونجاو نییە، جیاوازی تەمەنەکان زۆرن، هاوسەنگی تێکداوە و بۆشاییەک دروستبووە، گەنجەکان پێویستیان بە ئەزموونە و گەورەکان لە ڕووی جەستەییەوە ماندوون.”
کاراگێر ڕوونکردنەوەی زیاتر دەدات و دەڵێت، “گەورەترین هەڵە کە ئیدارەی یانە کردوویەتی، ڕێگەیان دا تیپێکی نموونەیی هەڵبوەشێتەوە، دوای ڕۆیشتنی چوار کادری کارگێڕی و ڕێگەدان بە فرۆشتنی یاریزانانی وەک ڤیناڵدۆم و ئۆریجی و سادیۆ مانێ، پڕۆژەی یانەکە دووچاری ئاستەنگی بووە.”
لەم وەرزەدا لیڤەرپوڵ چانسی گرتنی لووتکەی ڕیزبەندیی پریمەرلیگی لەدەستدا، لە خولی یانە پاڵەوانەکانیش ناچارن بەرامبەر ڕیاڵ مەدرید یاریبکەن.