بەیانی ئەمڕۆ بومەلەرزەیەکی دیکە بەشێک لە شارەکانی تورکیای هەژاند و بەمەشەوە ژمارەی ئەو بومەلەرزانەی لە هەفتەی رابردووەوە سنوورەکەیان گرتووەتەوە گەیشتووەتە دوو هەزار بومەلەرزە.
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، “بەیانی ئەمڕۆ بومەلەرزەیەکی دیکە وڵاتەکەی گرتووەتەوە و لە هەریەک لە شارەکانی غازی عەنتاب مەرەش کەهرمان و ئادیامان و مەلاتییە هەستی پێکراوە”.
ئاماژەیان بەوەش کرد، “لە رۆژی دووشەممەی رابردووەوە کە بومەلەرزە بەهێزەکە لە تورکیا روویدا تائێستا دوو هەزار بومەلەرزەی دیکە وڵاتەکەیان هەژاندووە، بەڵام گوڕەکانیان بەهێز نەبوون و بەشێکیان هەستیان پێنەکراوە”.
ئەمڕۆ شەش رۆژ بەسەر بومەلەرزە کارەساتبارەکەی تورکیا و سوریادا تێدەپەڕێت کە هەزاران قوربانییەکان لێکەوتەوە، تائێستاش تیمی فریاگوزاری بەشێک لە وڵاتانی جیهان بە هاوکاریی تیمە ناوخۆییەکان لە هەوڵی رزگارکردنی لێقەوماوانی بومەلەرزەکەدان.