ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بومەلەرزەكە لە باكوور و رۆژئاوای كوردستان و توركیا و سوریا بۆ نزیكەی 24 هەزار كەس بەرزبووەوە، هەڵمەتەكانی گەڕان و بەدواداچوونیش درێژەیان هەیە.
فەخرەدین قۆجە، وەزیری تەندروستیی توركیا رایگەیاند، ژمارەی ئەوانەی لە وڵاتەكەیدا گیانیان لەدەستداوە بۆ 20 هەزار و 213 كەس بەرزبووەوە.
وتیشی، ژمارەی برینداربووانیش بۆ 80 هەزار بەرزبووەتەوە و وتی، “رووبەڕووی بارێكی دژوار دەبینەوە و، چاومان لەسەر رزگاركردنی گەمارۆدراوانە لەژێر داروپەردووەكاندا”.
لە سوریاش، بەرگریی شارستانی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هێزە بەرهەڵسكارەكان، بەرزبوونەوەی ژمارەی گیانلەدەستدانی لە باكووری رۆژئاوای سوریا بۆ زیاتر لە دوو هەزار و 166 كەس راگەیاند.
بەوەش ژمارەی گیانلەدەستدان لە سەرتاسەری سوریا بۆ سێ هەزار و 553 كەس بەرزبووەتەوە، دوای ئەوەی لەكاتێكی پێشتردا وەزیری تەندروستیی سوریا رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بومەلەرزەكەوە بەرزبووەتەوە بۆ هەزار و 387 كەس و برینداربووانیش بەرزبووەتەوە بۆ دوو هەزار و 326 كەس لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتدا.