محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەڵێت، گەر “دزەكان” دەستگیربكرێن ئەوا پارە دزراوەكان لەناودەچن و ناگەڕێندرێنەوە و ئاشكرایكرد، “زۆرینەی تۆمەتبارانی دزیی سەدە هەڵاتوون بۆ دەرەوەی وڵات”.
لەبارەی ئەو پارانەی لە دۆسیەی ناسراو بە “دزیی سەدە” براون و بڕەكەیان سێ تریلیۆن و 700 ملیار دینارە (2.5 ملیار دۆلار) محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئامانجی حكومەت گەڕاندنەوەی پارەكانە، ئەگەر تۆمەتبارێك زیندانیبكرێت ئەوا ماوەی 15 بۆ 20 ساڵ لە زینداندا دەبێت، بەڵام لەو دۆخەدا پارەكان لەناودەچن و وندەبن، “بۆیە دەمانەوێت پارەكان وەربگرینەوە و ماوەیەكیشە هەنگاو بە هەنگاو پارەكان دەگەڕێنەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت”.
سودانی ئەو قسانەی لە دیدارێكدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرقولئەوسەتدا كردووە و رایگەیاندووە، “زۆرینەی تۆمەتبارانی دزیی سەدە هەڵاتوون بۆ دەرەوەی وڵات و بەشی هەرەزۆری پارەكان براونەتە دەرەوە”.
دیدارەكە چەندین دۆسیە و پرس و بابەت تاوتوێدەكات، لەوانە پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ ئەمریكا و ئێران، لەو بارەیەوە سەرۆك وەزیران جەختیكردووەتەوە لەوەی هیچ دەستێوەردانێكی ئێرانی و ئەمریكی لە پێكهێنانی كابینەی حكومەتەكەیدا نەبووە و رایگەیاندووە، “حكومەت بە بڕیارێكی 100% عێراقییانە پێكهێنراوە و نەكەوتووەتە ژێر هیچ كاریگەری و دەستێوەردانێكی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی دەرەوەوە”.