عێراق دەست بە پیشەسازیی جەنگی دەكاتەوە و چەكی سووك و مامناوەند بەرهەمدەهێنێت

بەشێك لەو چەكانەی پێشتر لە عێراق دروستدەكران

دەستەی پیشەسازیی جەنگیی عێراق دەڵێت، لەمساڵدا پلانی نوێ بۆ دروستكردنی چەك ‏سووك و مامناوەند دەستپێدەكات بەمەبەستی پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی ناوخۆ و ‏پشتیوانیكردنی ئابوریی نیشتمانی، بۆ ئەو مەبەستەش مانگی داهاتوو كارگەیەك ‏وەردەگرێتەوە.‏

محەمەد دەراجی، سەرۆكی دەستەی پیشەسازیی جەنگی ڕایگەیاند، دەستەكەیان هەوڵی ‏زۆری خستووەتەكار بۆ سەرلەنوێ بەگەرخستنەوەی پیشەسازیی جەنگیی بەرگری بە ‏توانای بەردەست، بۆ زامنكردنی دروستكردنی چەكی سووكی ناوخۆ.‏

وتیشی، “لەمساڵدا هێڵەكانی دروستكردنی تایبەت بە چەكی مامناوەند و سووك، وەك ‏دەمانچە و چەك و كەلوپەلە پێویستەكانی دەستپێدەكەنەوە”.‏

ئامانج لە كردنەوەی ئەو هێڵە گەیشتنە بە توانای ناوخۆ لەو ڕووەوە و هاوكاریكردنی هێزە ‏سەربازی و ئەمنییەكان، بەجۆرێك چەك و كەلوپەلی پێویستی لەبەردەستدا بێت، وەك ‏ئەوەی سەرۆكی دەستەكە دەیڵێت، “ئەو هەنگاوەش كاریگەریی گەورەی لەسەر ئابوریی ‏عێراق و ئاسایشی نەتەوەیی دەبێت”.‏

ڕووداوەكانی پاش ساڵی 2003 كاریگەریی نەرێنی زۆری لەسەر پڕۆژەی بەرهەمی ‏جەنگی لە عێراق دروستكرد، بەتایبەت دوای ئەوەی زۆرینەی كارگەكانی دروستكردنی ‏چەك ڕووبەڕووی تاڵانكردن بوونەوە.‏

دەراجی ئاشكرایكرد، مانگی داهاتوو دەستەكەیان كارگەی “حاموڕابی” وەردەگرێتەوە، كە ‏لە ساڵانی ڕابردوودا ڕووبەڕووی تێكدان و دزین بووەوە، بە ئامانجی سەرلەنوێ ‏ئامادەكردنەوە و دامەزراندنی هێڵی بەرهەمهێنانی تایبەت بە چەك و فیشەك و تەقەمەنی.‏

ڕوونیشیكردەوە، “كارگەی حاموڕابی پێشتر تایبەت بوو بە دروستكردنی دەمانچەی ناسراو ‏بە (تارق)، كار لەسەر پەرەپێدان و دروستكردنەوەی دەكەین لەژێر ناوی (بابل)”.‏

بەپێی وتەی سەرۆكی دەستەی پیشەسازیی جەنگی، عێراق خاوەن شارەزایی گەورەیە لە ‏پیشەسازیی سەربازی، پشتیش بە هەندێك لە شارەزایی گەنجان دەبەستن كە لە وەزارەتی ‏بەرگری دامەزرێندراون، لەڕێی تەنسیبكردنیان بۆ كارگەكە.‏

جگە لە دەمانچەی تارق، پێشتر كلاشكۆفی جۆری تبوك لەلایەن كارگە سەربازییەكان لە عێراق دروستدەكران.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share