بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی هاوخەمی بۆ زیانلێکەوتووانی بومەلەرزەکەی رۆژئاوا و باکووری کوردستان دەربڕی و ئامادەیی بۆ ناردنی هاوکاریی تەندروستی و پزیشکی پیشاندا.
لە راگەیەندراوێکدا تەندروستیی سلێمانی بڵاویکردەوە،”ئەوپەڕی خەم و پەژارەمان بۆ روودانی كارەساتە سروشتیەكەی باكوور و رۆژئاوای كوردستان دەردەبڕین كە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیی مەدەنی و بێسەروشوێنبوونی ژمارەیەكی تر و سەرگەردان بوون و ماڵوێران بوونی بەشێكی زۆری هاوڵاتییان”.
ئاماژە بەوەشکراوە، ” لەسۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی و ئەوپەڕی خەمخۆریمان بۆ دۆخەكە، وەكو بەڕێوبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی ئەوپەڕی ئامادەیی و پشتیوانیی تەندروستی و لۆجیستی خۆمان رادەگەیەنین بۆ گەیاندنی هەرچی زووە لە هاوكاری و پێداویستیی پزیشكی و تەندروستی بۆ شوێنە كارەساتبارەكان”.
راشیگەیاندووە، کە ئامادەن بۆ گواستنەوەی هەر بریندارێك بۆ ناوەندە تەندروستیەكانی سلێمانی بەمەبەستی چارەسەركردنیان”.