توێژەران پشكنینێك بۆ ئاشكراكردنی چوار شێرپەنجە لە ژناندا پەرەپێدەدەن

توێژەران كار لەسەر پەرەپێدانی پشكنینێك دەكەن كە بە “شۆڕش” لە پێشبینیكردنی مەترسی تووشبوونی ژن بە چوار جۆر شێرپەنجە ناودەبرێت، ئەویش لەڕێی وەرگرتنی نمونەیەك “زەرع” لەكاتی پشكنینی ملی منداڵدان، وەك ئەوەی ڕۆژنامەی گاردیان بڵاویكردووەتەوە.

پشتبەست بە خانە كۆكراوەكانی ملی منداڵدان لەڕێی پشكنینی نمونەیەك (زەرعێك)ەوە و، بە پشتبەستن بە پشكنینە نوێیەكە، زانایان دەتوانن شێرپەنجەی هێلكەدان و مەمك ئاشكرابكەن، یان پێشبینی لەبارەی ئەگەری سەرهەڵدانیەوە بكەن، بەپێی دوو توێژینەوە كە لە گۆڤاری (نەیچەر كۆمیونیكەیشنس) بڵاوكراوەتەوە.

توێژەران دەڵێن، لەڕێی ئەنجامەكانی پشكنینی (WID) (دیاریكردنی مەترسییەكانی تووشبوون بە شێرپەنجە لە ژناندا)، دەكرێت شێرپەنجەی منداڵدان و ملی منداڵدانیش ئاشكرابكرێت.

پشكنینەكە ئاشكراكردنی پێشوەختەی سەرجەم چوار جۆرەكەی شێرپەنجە لای كچانی گەنج-یش بەردەست دەخات، تا بتوانرێت “شێرپەنجەكە بوەستێندرێت بەر لە دەستپێكردنی”، كە ئەمەش پرسێكی زۆر گرنگە بۆ تەندروستیی ئافرەت.

ئەسینا لامینیسۆس، سەرۆكی جێبەجێكاری ڕێكخراوی (ئێڤێ ئەپیەڵ – Eve Appeal) كە پشتیوانیی توێژینەوەكە دەكات بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی توێژینەوە ئەوروپییەكان وتی، “دەشێت ئەم پشكنینە گۆڕانكاریی بنەڕەتی لە پشكنینە سەرەكییەكانی شێرپەنجە بهێنێتە كایەوە، لەڕێی پێشوەخت ئاشكراكردن و ڕێگری لە گەشەكردنی”.

شێرپەنجەی هێلكەدان بە بەرپرس لە زۆرترین ڕێژەی مردنی پەیوەندیدار بە شێرپەنجەی كۆئەندامی زاوزێی ژن دادەنرێت. لەئێستادا 75%ی حاڵەتەكانی شێرپەنجەی هێلكەدان لە قۆناغێكی زۆر درەنگدا دەستنیشان دەكرێت، دوای ئەوەی گرێیەكان بڵاودەبنەوە. لەكاتێكدا توانای ئاشكراكردنی نەخۆشییەكە لەكاتێكی زوودا، دەبێتەهۆی باشكردنی ئەنجامەكانی چارەسەر.

شێرپەنجەی مەمك زۆرترین جۆری شێرپەنجەی بڵاوە لای ژنان، بەشێوەیەكی گشتی لەڕێی پشكنینی وێنەی تیشكی یان لەڕێی وەرگرتنی نمونەوە ئاشكرادەكرێت.

بابەتی پێشتر

نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر هێرشەكەی سەر كامپی مەخمور داوایەك لە توركیا دەكات

بابەتی دواتر

تەنها لەمڕۆدا 237 منداڵ لەناو سەنتەری سلێمانی لەدایكبوون

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share