شارەزایەکی جیۆفیزیا رایدەگەیەنێت، روودانی بومەلەرزە لە تورکیا نامۆ نییە و ماوە ماوە روودەداتەوە، بەڵام بومەلەرزەکەی شەوی رابردوو یەکەم بومەلەرزەی بەهێزە کە لە دەستپێکی سەدەی بیست و یەکەوە تا ئێستا روویدابێت.
د. ئارام نامیق پسپۆڕی جیۆفیزیا لە زانکۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “ئەو کۆمەڵە بومەلەرزەیەی لە تورکیا و سوریا روویدا لە ئەنجامی بەیەکدادانی پلێتی تورکی کە پلێتی (ئەنادۆڵ)ی پێدەوترێت، لەگەڵ پلێتی عەرەبی کە عێراق پێشەنگییەتی و هەروەها پلێتی ئێران روویداوە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە تورکیا و سوریا روویدا پێش روودانی چەند بومەلەرزەیەکی دیکە روویاندابوو کە پێش بومەلەرزەی پێدەوترێت، لە دوای ئەوەش چەند بومەلەرزەیەکی دیکە روودەدەنەوە کە پێی دەڵێن دوای بومەلەرزە لەرووی گوڕ و بەهێزییەوە لاوازترن”.
باسی لەوەشکرد، “تائێستا نەتوانراوە نە کات نە شوێن نە گوڕی بومەلەرزە پێشبینی بکرێت، هەرچەندە هەوڵی زۆر دراوە لەو بوارەدا بەڵام ئەنجامێکیان نەبووە تا ئێستا، هەر کەسێکیش بتوانێت ئەو داهێنانە بکات بە دڵنیاییەوە داهێنانێکی گەورەیە و دەبێتە خاوەنی خەڵاتی نۆبڵ”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەمڕۆ ئەو چەند بومەلەرزەیەی دوای بومەلەرزە گەورەکە روویاندا لە هەرێمی کوردستانیش هەستیان پێکراوە، بۆیە پێشبینی دەکرێت گەر بومەلەرزەی دیکەش رووبداتەوە لە هەرێم هەستی پێدەکرێت، بەڵام هێندەی بومەلەرزەی یەکەم بەهێز نابێت”.
وتیشی، “بومەلەرزەی لەم شێوەیە بە وڵاتی تورکیا نامۆ نییە، چونکە لەسەر هێڵی یەکەمی بومەلەرزەیە، بەڵام لە سەدەی بیست و یەکدا ئەمە یەکەم بومەلەرزەی لەو شێوەیەیە رووبدات”.