دوای بومەلەرزەکەی ئەمڕۆی تورکیا، چالاکانی سۆشیاڵ میدیا تویتێکی شارەزایەکی جیۆلۆجیی هۆڵەندییان بڵاوکردەوە کە چەند رۆژێک پێش ئێستا پێشبینیی روودانی کردبوو.
فرانک هۆگەربێتس شارەزا و لێکۆڵەری هۆڵەندی لە بواری جیۆلۆجی و بومەلەرزە سێ رۆژ بەر لە ئێستا تویتێکی کردووە و تێیدا بە روونی، پێشبینیی روودانی بوومەلەرزەیەکی بەهێزی لە تورکیا کردبوو هەروەها باسی ئەو وڵاتانەشی کردبوو کە کاریگەریی بومەلەرزەکەیان لەسەر دەبێت.
ئەو جیۆلۆجیستە دەڵێت، بوومەلەرزەیەک بە 7.5 پلەی رێختەر لە ناوچەکە (باشووری ناوەڕاستی تورکیا، ئوردن، سوریا و لوبنان) ڕوودەدات لە نێوان رۆژانی 4 بۆ 6ی شوبات.
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە کاتژمێر 4:30 خولەکی بەرەبەیان بومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.9 پلەی رێختەر باکووری کوردستان و تورکیای هەژاند و لە قوبرس، لوبنان، سوریا، ئوردن، عێراق و میسر هەستیپێکرا و بەهۆیەوە سەدان خانوو و باڵەخانە داڕماون، ئاماری قوربانییەکان گەیشتووەتە هەزاران کەس و 912 کەس تا ئێستا گیانیان لەدەستداوە.
ئەم بومەلەرزەیە گەورەترین بوومەلەرزەیە لە تورکیا لە دوای بومەلەرزەکەی 17ی ئابی 1999 کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 17 هەزار کەس کە هەزار کەسیان لە ناو ئیستانبول گیانیان لەدەستدا.