وەزیری دارایی و ئابوریی هەرێم رایدەگەیەنێت، هەوڵەكانیان بەردەوامە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا مووچە بە شێوەی ئەلیكترۆنی دابەشبكەن، وەك هەنگاوی یەكەمیش لە مووچەی خانەنشینانەوە دەستپێدەكەن و دواتر فەرمانبەرانی وەزارەتەكانی دیكەش دەگرێتەوە”.
بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابوری ئەمڕۆ یەكشەممە ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابوری، بەڕێوەبەرایەتیی گشتی بانكە بازرگانییەكانی لە شاری هەولێر بەسەركردەوە، لە میانی كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ بەڕێوەبەری ژمارەیەك لە بانكەكان، وەزیری دارایی گوێبیستی كێشە و داواكاریەكانیان بوو و بەڵێنیدا هاوكار و پشتیوانیان بێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، وەزیری دارایی هەرێم رایگەیاند، “لە چوارچێوەی سیاسەتی چاكسازیی حكومەتی هەرێم بۆ بە دامەزراوەیكردنی ژێرخانی فەرمانگەكانی حكومەت وەك وەزارەتی دارایی هەنگاوی باشمان ناوە و لە سەرەتای ئەم كابینەیەوە توانیوومانە بەشێك لە كاروباری فەرمانگەكانی وەزارەت بە ئەلیكترۆنی بكەین و پڕۆسەكەش بەردەوامە و هەوڵەكان بەردەوامە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا مووچە بە شێوەی ئەلیكترۆنی دابەشبكەن.