باران و دابەزینی پلەكانی گەرما ڕوو لە هەرێم دەكات

پلەکانى گەرما بە نزیکەى (4-6) پلەى سیلیزى دادەبەزن

شەپۆلێكی باران ڕوو لە شارەكانی هەرێم دەكات و لێپرسراوی بەشی پێشبینی كەشناسی هەرێمیش دەڵێت، پلەكانی گەرما دادەبەزن و لە ناوچە شاخاوییە بەرزەكانیش بەفر دەبارێت.

بژار ئەكرەم، لێپرسراوی بەشی پێشبینی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ یەكشەممە 13ی كانونی یەكەم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، لە ئەنجامى کشانەوەى بەرزە پاڵەپەستۆى تورکیا لە ئەمڕۆوە ناوچەکەمان دەکەوێتە ژێر کاریگەرى درێژبوونەوەى نزمە پاڵەپەستۆکان، ڕۆژى سێشەممە لە ئەنجامى یەکگرتنى هەردوو نزمە پاڵەپەستۆى دەریاى ناوەڕاست و دەریاى سوور هەرێمى کوردستان دەکەوێتە ژێر شەپۆلێکى باران بارین.

وتیشی، “لەگەڵ هاتنى ئەم شەپۆلە پێشبینى بەفر بارین هەیە لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان و ئەو ناوچە شاخاوییانەى بەرزیان لە سەرووى 2000م زیاترە لە ئاستى ڕووى دەریاوە”.

بژار ئەكرەم ئەوەشی خستەڕوو، ئاستى باران بارین مامناوەند دەبێت، بەڵام لە سەنتەرى پارێزگاکانى هەولێر و دهۆک بە تایبەت سنوورى ئەم دوو پارێزگایە باران بارین ئاست و ڕێژەى زیاتر دەبێت بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانى دیكە.

هەروەك بەپێی پێشبینییەكان ڕۆژى چوارشەممە کاریگەرى ئەم شەپۆلە بەردەوام چالاکتر دەبێت و لەکاتى باران هەندێ جار هەورە تریشقەش دەبێت، لەگەڵ نزمبوونەوەى پلەکانى گەرما بە نزیکەى (4-6) پلەى سیلیزى، ئێوارەی هەمان ڕۆژیش کاریگەرى شەپۆلەكە لاواز دەبێت و کۆتایى دێت.

لێپرسراوی بەشی پێشبینی كەشناسی هەرێم ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەرى هاتنى شەپۆلێکى دیكە لە ڕۆژانی هەینى و شەممەى داهاتوو هەیە.

بابەتی پێشتر

فەڕەنسا.. گرژی لەنێوان خۆپیشاندەرانی دژ بە پرۆژە یاسای ئاسایشی گشتگیر و پۆلیس ڕوویدا

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) جۆشوا لە پولێڤی بولگاری بردەوە و پارێزگاری لە پشتوێنی پاڵەوان کرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share