راوێژكارێكی سەرۆك وەزیران رایدەگەیەنێت، ئابوریی عێراق تەنها دەوڵەت دیاریدەكات نەك دەڵاڵی دوكان و سەرشەقامەكان.
هیشام روكابی، راوێژكاری راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە تویتێكدا رایگەیاند، شەڕی حكومەت دژ بە مەزادكار و بازرگانانی دراوی قورس پاڵپشتیی سیاسیی ناوخۆیی و دەرەكی هەیە.
دووپاتیشیكردەوە، “یەكلاكردنەوەشی بەمنزیكانە دەبێت”.
روكابی ئاماژەی بەوەشكرد، پڕۆسەی كۆنتڕۆڵكردنی مامەڵە بازرگانییەكان بەپێی پێوەرە جیهانییەكان بەردەوامە، ئابوریی عێراق دەڵاڵی دوكان و مەزادكارانی شەقام دیاریناكەن، بەڵكو تەنها دەوڵەت دیاریدەكات.
بە وتەی ئەو دینار رووبەڕووی قۆرغكاری دەبێتەوە، وەك ئاماژەیەك بۆ دووبارە گەڕانەوەی بەهای دینار بۆ ئاستی خۆی.
پەیامی ئەو راوێژكارە لەكاتێكدایە تادێت نرخی دۆلار لە بەرامبەر دیناری عێراقی روو لە بەرزبوونەوە دەكات و دوێنێ 100 دۆلار بۆ نزیكەی 175.000 دینار بەرزبووەوە، بەر لەوەی لە داخستنی بازاڕەكاندا لە 172.500 دیناردا جێگیر ببێت، لەكاتێكدا نرخی فەرمی كە تا چەند مانگێك لەمەوبەر مامەڵەی پێوەدەكرا 147.000 دینار بوو.