فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران، بەدواداچوون بۆ جیاوازیی نێوان مووچەی زیندانییانی سیاسیی هەرێم و عێراق دەكات و هەوڵی نەهێشتنی دەدات
د. بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەو بارەیەوە بە ئێستای راگەیاند، لەگەڵ چرۆ حەمەشەریف و سروە محەمەد ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران، سەردانی دامەزراوەی زیندانییە سیاسییەکانی عێراقیان کردووە و لەگەڵ د. حوسێن سوڵتانی سەرۆکی دامەزراوەکە کۆبوونەتەوە بە مەبەستی گەیاندنی داواکاریی زیندانییانی سیاسیی هەرێمی کوردستان.
وتیشی، جیاوازییەکی زۆر لە نێوان مووچە و ئیمتیازاتی زیندانییانی سیاسیی هەرێم و بەغداد هەیە، لە کاتێکدا بەپێی ماددەی 132ـی دەستووری هەمیشەیی عێراق، پێویستە هەموو زیندانییانی سیاسی هەمان ماف و مووچە و ئیمتیازاتیان هەبێت.
د. بڕیار رەشید باسی لەوەش كرد كە بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە، لە ماوەی رابردوودا چەند جارێک لەگەڵ سەرۆكی دامەزراوەی زیندانییە سیاسییەکانی عێراقدا کۆبوونەتەوە و جەختیكردەوە كە بەدواداچوونیان بەردوام دەبێت بۆ ئەو کەیسە تا دەگەنە ئەنجام.