تەقینەوەی گڕکانێک مەترسیی تسونامی دروستدەکات

ڕۆژی چوارشەممە دەسەڵاتدارانی ڤانواتو کەشتی و فڕۆکەکانی ئاگادارکردەوە کە خۆیان لە ناوچەی تەقینەوەی گڕکانێکی ژێر ئاو بەدووربگرن، دوای ئەوەی گڕکانەکە دەستیکرد بە هەڵدانی خۆڵەمێش بۆ ئاسمان.

ڕیکاردۆ ویلیام لە بەشی کەشناسی و مەترسیی جیۆلۆجیی دوورگەکە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، داوا لە خەڵکی ناوچەکە دەکەین ئاگاداری هەر تەقینەوەیەکی بەهێز بن، چونکە هێشتا بەردەوامە لە دەردراوەکانی بەر لە تەقینەوە.

“ناوچەی مەترسیدار” بە دووریی 10 کم لە دەوری گڕکانی ژێر ئاوی “ئیست ئێبی” دەستنیشانکرا، کە دەکەوێتە 68 کم لە پۆرت ڤیلای پایتەختەوە.

گڕکانەکە کە ماوەی چەندین ساڵە کپ و نوستووە لە رۆژی چوارشەممەی رابردوودا بە بەرزی 100 کیلۆمەتر لم و خۆڵەمێشی هەڵداوە.

فیلیپ دیک کە شایەتحاڵێک بووە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، پێش ئەوەی دوکەڵ بەسەر شوێنەکەدا دەربکەوێت، زەویی ناوچەکە دەستیکردووە بە لەرزین.

ئاماژەی بەوەشکرد، “دواتر تەقینەوەکان دەستیپێکرد و تا ئێستاش بۆنێکی ناخۆشی گۆگرد لە گوندەکانی دەوروبەریدا هەیە”.

بەرپرسان دۆخی ئاگاداریی گڕکانەکەیان بەرزکردەوە بۆ ئاستی یەکەم، بە واتای “مەترسیی بچووک” لەسەر پێوەرێک لە یەک بۆ پێنجە.

دەسەڵاتداران داوای لە خەڵکی ناوچەکە کردووە لە دوورگەکانی دراوسێی ئیبێ و تۆنگۆا خۆیان لە کەناراوەکان بەدوور بگرن، لە ترسی ئەوەی “تەقینەوەی گڕکانەکە ببێتە هۆی تسونامی”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەنتەری هۆشداریی تسونامی ئالاسکا هێشتا هیچ چالاکیەکی لە ناوچەی ڤانواتو تۆمار نەکردووە ، بەڵام “ئەم جۆرە تەقینەوە گڕکانانە ئەگەری ئەوەیان هەیە ببنە هۆی تسونامی”.

ڤانواتو دەکەوێتە سەر “پشتێنەی ئاگری” زەریای هێمن کە زۆرجار چالاکیی بومەلەرزە و گڕکانەکانی تێدایە.

 

بابەتی پێشتر

دوای هاتنەوەیان لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیری حەوت ئەندامی خێزانێك گیانیان لەدەستدا

بابەتی دواتر

چوار رێگەی سروشتی و کاریگەر بۆ رێگریکردن لە هەڵوەرینی قژ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share