چین سزای ئەو كەسانە دەدات كە خواردنەكانیان تەواو ناكەن

چین لەڕێی یاسای توندەوە ڕێگری لە بەهەدەردانی خواردن دەكات

ئەو میوانانەی ڕوو لە خواردنگە چینییەكان دەكەن ڕوبەڕووی پێبژاردن (غەرامە) دەكرێنەوە ئەگەر نەتوانن بەشە خواردنەكەیان تەواو بكەن و لە قاپەكەدا بیهڵێنەوە.

ڕۆژنامەی (The Times)ی بەریتانی ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی كانونی یەكەم بڵاویكردوەتەوە، سزاكە لە چوارچێوەی هەڵمەتێكی دەسەڵاتدارێتی پەككین-ە بۆ سنووردانان بۆ بەفیڕۆدانی خواردن.

بڕیارەكە بە چوار مانگ دێت پاش داوایەكی شی جین بینگ، سەرۆكی چین بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست لەپێناو كۆتایی هێنان بە دیاردەی فڕێدانی پاشماوەی خۆراك و لە وتەیەكیشدا ئەو بڕە خۆراكەی لە وڵاتەكەیدا بەهەدەردەبرێت بە “شۆكهێنەر و ناڕەوا” ناوبرد.

بڕیارە نوێیەكە كە لە 23 بڕگە پێكدێت بەهەمان شێوە هەر بەرهەم و پێشنیارێكی دەنگی یان ڤیدیۆیی تایبەت بە پێشبڕكێكی خواردن قەدەغە دەكات، وەك پێشبڕكێكی زۆر خۆری كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا باوە.

بڕی سزای پێبژاردنەكە دەگاتە 10 هەزار یوان، كە دەكاتە نزیكەی 1530 دۆلار، دەبێت چێشتخانەكان بە بیری میوانەكانیاندا بهێننەوە كە داوای خواردنی زۆر نەكەن، هەروەها پێویستە چێشتخانەكان خۆیان بڕی پێبژاردنەكە لە سەرپێچیكاران وەربگرن لەوانەی دەبنە هۆی “بەهەدەردانی ئاشكرا”ی خواردن و، پارەی پێبژاردنەكەش بۆ ڕزگاربوون لە پاشماوەی خۆراكە بەهەدەردراوەكە بەكاردەهێنرێت.

چین بە گەورەترین بەرهەمهێنەری خۆراك دادەنرێت، لەڕووی تیۆرییەوە توانیویەتی خۆراك بداتە گەلەكەی كە ژمارەیان 1.4 ملیار كەسە، بەڵام لە هەمان كاتدا بە گەورەترین هاوردەكاری خۆراك لە جیهاندا دادەنرێت، بەهۆی ئەوەی سەرەڕای ئەوەی یەك لەسەر پێنجی دانیشتووانی جیهان پێكدەهێنێت، بەڵام لەسەر ئاستی جیهان تەنها خاوەنی 7%ی خاكی گونجاوە بۆ كشتوكاڵكردن.

باوەڕوایە ساڵانە زیاتر لە 35 ملیۆن تۆن خۆراك، كە دەكاتە نزیكەی 6%ی كۆی بەرهەمی چین و دەتوانرێت خۆراكی 50 ملیۆن كەسی پێبدرێت، لەدەستدەدرێت یان بەفیرۆدەبرێت، نیوەی ئەم بڕەش لەلایەن كۆگا و چێشتخانەكانەوە پێشكەشی میوانانیان دەكرێت، وەك ئەوەی سندوقی نێودەوڵەتی گەشەپێدانی كشتوكاڵ دەیڵێت.

بابەتی پێشتر

دووشەممەى داهاتوو پەرلەمان و حکومەت کۆدەبنەوە

بابەتی دواتر

عێراق بڕیارێكی ترەمپ سەركۆنە دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share