ئێستا وردەکاریی کۆبوونەوەی پارێزگاری بانکی ناوەندی و لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاودەکاتەوە

د.نەرمین مەعروف رایگەیاند، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی دوایین هەنگاوەکان بۆ چارەسەری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار تاووتوێکراون.

د.نەرمین مەعروف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “ئەو کۆبوونەوەی ئەمڕۆ لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەند ئەنجامماندا بەمەبەستی گفتوگۆکردن بوو لەبارەی دوا هەنگاوەکانی بانکی ناوەندی عێراق بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار و جێگیرکردنی، بەڕێزیان باسیان لەو هەنگاوانە کرد کە لە رابردوودا بۆ ئەو مەبەستە ناویانە، ئێمەش پێشنیار و بۆچوونەکانی خۆمان خستەڕوو”.

ئاماژەی بەوەش کرد، “پارێزگاری بانکی ناوەندی باسی لەوەکرد، بەم نزیکانە سەردانی ئیستانبوڵ و واشنتن دەکەن، دەیانەوێت هەنگاوەکان پلەبەندی بێت بۆ چوونە ناو پۆرتاڵی بانکی جیهانییەوە، نەک بەو شێوەیەی ئێستا بێت و شۆکی ئابووری دروستکردووە”.

ئاشکراشیکرد، “بانکی ناوەندی هەموو هەوڵێك دەدات بۆ ئەوەی زۆرترین بڕی پارەی دۆلار بخاتە بازاڕەوە، و هانی بازرگانان دەدات کە مامەڵە لەگەڵ بانکەکان بکەن و لە بازاڕی رەش ئاڵوگۆڕەکانیان نەکەن”.

وتیشی، “هەرچەندە ئەمە بارگرانییەک بۆ حکومەتی عێراق دروست دەکات، بەڵام دەنگۆیەک هەیە، کە بڕی یەک دۆلار بە 1300 دینار دەخەمڵێنرێت، بەڵام ئەمەش تا ئێستا دەنگۆیە و نازاندرێت بە چەند بڕیاری لەبارەوە دەدرێت”.

نەرمین مەعروف جەختیلەوەشکردەوە، “پێشنیارم کرد دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی بە بەشێک لە توێژەکان بفرۆشرێت، وەک ئەوانەی قیستی خانوبەرەیان لایە، یان ئەوانەی لە دەرەوە دەخوێنن، پارێزگاری بانکی ناوەندی پێی راگەیاندنم کە لە داهاتوودا کاری لەسەر دەکەن”.

 

بابەتی پێشتر

ئارسیناڵ بۆندی "جۆرجی" یەکلاییکردەوە

بابەتی دواتر

باڵیۆزی ئەمریکا: عێراق شایستەی ئابورییەکی هەمەچەشن و پێشکەوتووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share