نرخی دۆلار لە یەكسانبوون لەگەڵ یۆرۆدا نزیكدەبێتەوە

نرخی دۆلاری ئەمریكی بەجۆرێك بەرزبووەتەوە كە نزیكە لەوەی لەگەڵ نرخی یۆرۆدا یەكسان بێتەوە، ئەمەش بۆ یەكەمجارە لەماوەی 20 ساڵی ڕابردوودا.

پێوەرەکانی دۆلاری ئەمریکی کە بەهای دراوی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە بەرامبەر شەش دراوی گەورەی بیانی دەپێوێت، ئەمساڵ نزیکەی 12% بازدانی بەخۆیەوە بینیوە و گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی دوو دەیەدا. لە ئێستادا بەهای یۆرۆ کەمێک کەمتر لە 1.02 دۆلارە.

ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس ئاماژەی بەوە کردووە کە نرخی دۆلار بە شێوەیەکی سەرەکی بەرزبووەتەوە، لەبەرئەوەی بانکی فیدراڵی ڕێژەی سوودی زیاتر لە بانکە ناوەندییەکانی وڵاتانی دیکە بەرزکردووەتەوە، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی هەڵاوسان، کە گەیشتووەتە ئاستێک لە ماوەی 40 ساڵدا بێ وێنە بووە.

بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوود بووە هۆی بەرزبوونەوەی داهاتی گەنجینەی ئەمریکا، ئەمەش وەبەرهێنەرانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا کە بەدوای قازانجی زیاتردا دەگەڕێن لەوەی لەهەر شوێنێکی دیکەی جیهان بەدەستی بهێنن.

ئاژانسەکە دەڵێت ئەم زیادبوونی خواست لەسەر ئەو زەمانەتانەی کە بە دۆلارە، بەهای دۆلاری بەرزکردووەتەوە.

لە هۆكارە یاریدەدەرەكانی دیكەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، وەك ئەوەی ڕۆبێلا فاروقی-ی گەورە ئابوریناسی كۆمپانیای “هاي فريكوێنسي ئیكۆنۆمیكس” ئاماژەی پێداوە ئەوەیە کە سەرەڕای نیگەرانییەکان لە ئەگەری پاشەکشەی ئابوری لە ئەمریکا، بەڵام “ئابوریی ویلایەتە یەكگرتووەكان لە پێگەیەکی بەهێزتردایە بە بەراورد بە ئەوروپا”.

ئەمساڵ بەهای یۆرۆ بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە بەهۆی پەرەسەندنی ترس لەوەی ئەو 19 وڵاتەی ئەم دراوە بەکاردەهێنن تووشی پاشەکشە ببن.

شەڕی ئۆکرانیا نرخی نەوت و غازی هەڵئاوساندووە، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر بەکاربەران و بازرگانەکانی ئەوروپا بەهەمان شێوە دروستکردووە.

بە تایبەتی، کەمکردنەوەی ئەمدواییەی دابینکردنی غازی سروشتی بۆ ئەوروپا لەلایەن ڕوسیاوە، نرخەکانی بەرەو ئاسمان بەرزکردووەتەوە و ترسی پچڕانی کارەبای بەرزکردووەتەوە کە ڕەنگە حکومەتەکان ناچاربن کارەبا لە کارگەکان كەمبكەنەوە بۆ ئەوەی کاریگەریی قەیرانەکە لەسەر ماڵ، قوتابخانە و نەخۆشخانەکان نەبێت.

شرۆڤەکاران ئاماژەیان بەوە کردووە کە هۆکارێکی دیکە هەیە کە خواستی لەسەر دۆلار بەرزکردووەتەوە، ئەویش گرنگییەكەیەتی وەک پەناگەیەکی سەلامەتی ناسراوی جیهانی، لە ژێر رۆشنایی گێژاوی ئەم دواییەی بازاڕە داراییەکان.

بابەتی پێشتر

بە ڤیدیۆ.. كۆكردنەوەی كۆمەك بۆ شۆفێرێك دوای سوتانی تەكسییەكەی

بابەتی دواتر

یەكەم ڕۆژی جەژن نرخی نەوت بەرزبووەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share