لە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی عەمید شێرکۆ فاتیح و لیوا حسێن مەنسووردا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و سەرپەرشتیاری سكرتاریەتی سەرۆك مام جەلال پەیامێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، “مێژووی پڕ لە شكۆمان هەرگیز لە یادتان ناكات”.
لە پەیامەكەیدا قوباد تاڵەبانی نووسیویەتی، “هەشت ساڵ لەمەوبەر، دوو قارەمان و هاوسەنگەر و هاوخەباتی ئەم نیشتمانە، دوو فەرماندەی دڵسۆز و ئازای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە دوو رۆژدا و بە دوای یەکدا، لە کاتی رووبەڕووبوونەوەی چەکدارانی داعشدا، گیانیان بەخشی: رۆژی 30ـی کانوونی دووەم، عەمید شێرکۆ فاتیح شوانی و رۆژی 31ـی کانوونی دووەم، لیوا حسێن مەنسوور، شەهید کران”.
راشیگەیاندووە، “ئێوە بە خوێنی خۆتان ئێمەتان پاراست و گیانتان لە پێناو خاكی كوردستاندا بەختكرد، ناوی خۆتان لەسەر بەردی چیاكانی زاگرۆس هەڵكۆڵی، بۆیە مێژووی پڕ لە شكۆمان هەرگیز لە یادتان ناكات”.