ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر دەڵێت، “دەمانەوێت باشترین و بەرزترین كوالێتیی دەرمان دابینبكرێت”
بەپێی راگەیەندراوێكی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، ئەمڕۆ یەكشەممە، بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەكان لە دیوانی پارێزگا كۆبوونەوەیەكی تایبەت سەبارەت بە چاودێریی بازاڕ و پشكنین و كۆنترۆڵی جۆری خۆراكی بەرهەمهاتوو و هاوردەكراو و كوالێتيی دەرمان بەڕێوەچوو.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، لە بارەی كۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان جەختمان لە هەوڵی بەردەوامی لایەنە پەیوەندیدارەكان كردەوە بە تایبەتی كۆنتڕۆڵی جۆری لە سۆنگەی ئەو بەرپرسیارێتییە گەورە و پیشەییەی كە لەسەریانە و لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتیی هاوڵاتییانمان، چاودێریی وردی كەرتی دەرمان بكەن.
وتیشی، “ئامانجی ئێمە پاراستنی كوالێتیی دەرمان و تەندروستیی هاوڵاتییانە و دەمانەوێت باشترین و بەرزترین كوالێتیی دەرمان لە شارەكەمان و هەرێمی كوردستان دابینبكرێت و ڕێگە بەهیچ كەس و لایەنێك نەدرێت بە دەر لە رێنماییە زانستی و یاساییەكان هاوردەی دەرمان بكات و هەموو جۆرە دەرمانێكی نایاسایی لەلایەن لیژنەكانەوە دەستییان بەسەردا بگیرێت”.