سەرۆكی دادگای فیدڕاڵیی عێراق رایدەگەیەنێت، ناردنی بودجە بۆ هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقەوە پێچەوانەی ماددەی 27ی یاسای بەڕێوەبەردنی دارایی دەوڵەت بووە، بۆیە بڕیارەكەیان هەڵوەشاندووەتەوە.
دادوەر جاسم محەمەد عەبود، سەرۆكی دادگای فیدڕاڵیی عێراق ئەمڕۆ یەكشەممە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی سۆمەریەنیوز رایگەیاند، دادگای فیدڕاڵی هاوشێوەی دادگای دەستوورییە لە عێراق و لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەش بڕیارەكانی بە هەند وەردەگیرێن، ماددەی 80ی دەستووریش ئەنجومەنی وەزیران پابەنددەكات بەوەی كە دەبێت بڕیارەكانی ئاسانكاری بن بۆ جێبەجێكردنی یاساكانی پەرلەمان.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، هەر پارەیەك تەرخانبكرێت ئەگەر لە یاسای بودجەدا نەبێت، پێچەوانەی یاسایە، بە پێی ماددەی 27 لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی دەوڵەت دەبێت تەواوی شایستە داراییەكان و قەرزەكانی نێوان هەرێم و بەغداد لە 2004 ەوە تاوەكو 2020 پاكتاو بكرێن كە تائێستا نەكراون لەبەر ئەو دەقە یاسایی و دەستوورییانە بڕیاری راگرتنی پارە لەلایەن دادگای فیدراڵیی عێراقەوە بۆ هەرێمی كوردستان دراوە.