لە قۆناغی پێنجەمی هەڵمەتی نیشتمانیی روواندنی یەك ملیۆن نەمام و سەوزکردنی کوردستان لەسەر بڕیار و راسپاردەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە لە سنووری چەمچەماڵ و قەرەهەنجیر بە شێوەیەکی زانستی دەیان هەزار نەمام روواندران.
حسێن حەمە کەریم نوێنەری نووسینگەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن ئەوەی روونکردەوە کە مەبەستیان بووە هەڵمەتی نەمام روواندن بگەیەننە ئەو ناوچانە و بەشداریبکەن لە زیادکردنی رووبەری سەوزایی و دارستانەکان و وتی، “بە چەند هەنگاوێک دەیان هەزار نەمام دەڕوێنرێن و بە شێوەیەکی زانستی لەگەڵیدا دەمێنینە و هەموو رێگەیەک دەگرینەبەر تا لەفەوتان بیانپارێزین”.
جەختیشیكردەوە، “ئەم هەوڵەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بەردەوام دەبێت تا ئامانجە نیشتمانی و ژینگەییەکەی بەدیدێت کە ئەویش پاراستنی ژینگە و خاک و پاکڕاگرتنی ئاووهەوایە”.
لەبارەی دیاریكردنی شوێنەكان بۆ روواندنی نەمام، ئارام حازم لێپرسراوی هۆبەی دارستان و پاوانی چەمچەماڵ رایگەیاند، “بە رەچاوگرتنی تایبەتمەندیی ژینگەی ئەم سنوورە، لەو شوێنانە نەمام دەڕوێندرێت کە رووتەنن و سەوزنەکراون و بە چەند هەنگاوێک رووبەری دارستان زیاد دەکەین. هەروەک سوپاسی نووسینگەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و بەڕێوەبەرایەتیی دارستان و پاوانی سلێمانی دەکەین کە چەمچەماڵ و قەرەهەنجیریان لەیادنەکرد و لەگەڵمان بوون تا پێکەوە کاربکەین بۆ پاراستنی ژینگەکەمان”.
هەروەک ئەندازیار هاوکار جەلال بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی سلێمانی ئاشکرایکرد، هەڵمەتی نیشتمانیی روواندنی یەك ملیۆن نەمام بەرفراوانتر دەکرێت و جگە لە سنووری سلێمانی، شارەزوور، قەرەداغ، خەلەکان، فەرماندەیی هێزەکانی 70، چەمچەماڵ و قەرەهەنجیر کە بەردەوامین لە روواندنی نەمام تێیاندا، لە چەند شار و ناوچەیەکی تریش چەند تیمێکمان لە کارکردندان بۆ دەستنیشانکردنی شوێن و تەواوکردنی ئامادەکارییەکان تا هەڵمەتەکە بگەیەنینە ئەو شارانە”.