بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر داوا لە هاوڵاتییانی شارەکە دەکات هەرکەس زانیاریی لەبارەی ئەو مێردمنداڵەوە هەیە کە ماوەی چوار رۆژە دیارنەماوە پەیوەندییان پێوەبکات.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی هەولێر ئەمڕۆ هەینی بڵاویکردەوە، “دوێنێ دوابەدوای ئاگادارکردنەوەمان لە لایەن هاوڵاتییەکەوە بەبوونی رووداوێکی ونبوون و بێسەروشوێنبوونی کوڕەکەی، بۆیە هەر زوو دوای وەرگرتنی زانیاری بە پێی راسپاردەی بەڕێوەبەرمان تیمەکانمان کەوتنە گەڕان و بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی چارەنوسی ئەم مێردمنداڵە 12ساڵانەیە کە چوار رۆژە دوای دەرچوونی لە ماڵ بەمەبەستی یاریکردن تاکو ئێستا نەگەڕاوەتەوە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەگەرچی دوێنێ کارمەندانمان و تیمەکانی رزگارکردنمان تا درەنگانێکی شەو بەردەوامبوون لە گەڕان و لە ئێستاشدا سەرقاڵی گەڕانن بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەنووسی ئەو مێرمناڵە”.
داوایشیکرد، “داوا لە هاوڵاتییان و هاوشارییان دەکەین لەبوونی هەر زانیاریەک پەیوەندیمان پێوە بکەن هاوکاریی هاوڵاتییان بۆ ئێمە باشترین و چاکترین کۆمەکە بۆ تیمەکانمان و کەسوکاری ونبووەکە”.