ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، ئەو كەسانەی فۆڕمیان بۆ دامەزراندن لە پاسەوانی سنوور پڕكردووەتەوە سەرەتا پڕۆسەی جیاكردنەوەی فۆڕمەكان دەستپێدەكات و چاوپێكەوتنیان لەگەڵ دەكرێت كە چەند مەرجێك دانراوە و دەشڵێت، “لەگەڵ ئەو سێ هەزار كەسە چەند كەسێكی یەدەگ دانراوە”.
كاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، پێشتر 48 كاتژمێر بۆ پڕكردنەوەی فۆڕم دیاریكرابوو ئەو وادەیە كۆتاییهات مەرجی سەرەكی بۆ دامەزراندنەكە دەبێت فۆڕمەكە پڕكرابێتەوە و هەر كەسێكیش كە فۆڕمەكەی پڕكردووەتەوە كۆدێكی بۆ گەڕاوەتەوە كە كۆدەكەی هەبێت و دوای جیاكردنەوەی ناوەكان مەرج نییە، بەپێی مەرجەكان و سێ هەزار كەس ناویان دەگەڕێتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، “دوای ئەوەی ناوی ئەو كەسانە بۆ دامەزراندن دەگەڕێتەوە چاوپێكەوتنیان لەگەڵ دەكرێت و هەندێك لەو كەسانە بڕوانامەیان نییە و مەرجی تەمەن و مەرجی جەستەیان نایانگرێتەوە، بۆیە مەرج نییە ئەو كەسەی ناوی هاتووە دابمەزرێندرێن كە هەموو ئەمانە دوای چاوپێكەوتن یەكلادەكرێنەوە”.
راشیگەیاند، لەگەڵ ئەو سێ هەزار كەسە ژمارەیەكی دیكەش بە یەدەگ دادەنرێن كە ئەگەر ئەو كەسانەی مەرجی تەمەنیان تێدا نەبوو ئەوا ناوی ئەو كەسانە دەخرێتە شوێنیان و هەمان ماف و ئیمتیازاتیان دەبێت كە كارمەندانی پاسەوانی سنووری عێراق هەیانە و بە هەمان سیستم مووچەیان بۆ دەبەسترێت.