سەرۆكی یەكێتی رایدەگەیەنێت، ئەوانەی شەهید ئاكام بەو گەنجێتییەوە توانی بیانكات جێی شانازییە بۆ یەكێتی و گەلەكەمان دەشڵێت، بۆشاییەك لە دڵماندایە زۆر قورسە پڕبێتەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە وتارێكدا لە چلەی شەهیدی فەرماندە ئاكام عومەر رایگەیاند، چل رۆژ پێش ئێستا برای بەرێزمان، فەرماندەی ئازامان، كوڕی كوردستانمان، شەهید ئاكام گەڕایەوە بۆ لای خوای گەورە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی وتیشی، “ئەوانەی شەهید ئاكام توانی بیانكات بەو گەنجێتیەوە جێی شانازییە بۆ یەكێتی، بۆ گەلەكەمان و بۆ هەموو دونیا كە شەڕی كردووە بەرامبەر نادادپەروەری و تیرۆر قەت لەبیرمان ناچێتەوە”.
سەرۆكی یەكێتی ئەوەشی وت، “بۆشاییەك هەیە لە دڵمان كە زۆر قورسە پڕبێتەوە، هەرچی شتێك كە دەیكەین كاك ئاكام-مان دێتەبیر، لە دانیشتن، لە رێكخستنی ئۆپەراسیۆندا، لە كۆبوونەوە و سیاسەتدا، لە قسەی خۆشدا هەموو شتێك كاك ئاكاممان دێنێتەوە بیر، بە چاكەتەكەی كە لە بەرمدایە هی كاك ئاكام بوو”.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەزانم لە شوێنێكی باشترە، ئەزانم چاوی لێمانە، حەزیش ناكات عاجز بین. لێرەوە وەكو كاك ئاكام و وەكو هێزی كۆماندۆ و بە قسەی خۆی، خوا وەكیلە ئەو هێزی كۆماندۆیە كە چەند نازدار بوو لای، بەهێزتری دەكەین و زیاتر بۆ پێشەوە ئەڕۆین.
دووپاتیشیكردەوە، “ئەوەی پێمان دەكرێت بۆ دروستكردنی ئەو كوردستانەی كە كاك ئاكام و هەموو شەهیدەكانمان خەونیان پێوەدەبینی دەیكەین”.
روو لە بنەماڵەی شەهید ئاكام-یش سەرۆكی یەكێتی وتی، “سەرتان زۆر زۆر بەرزە، ئەزانم شەهید ئاكام گەڕاوەتەوە بۆ لای خوای گەورە، بەڵام ئێمە برای ئاكامین، براكانی زۆرن، لە هەر كوێیەك بێت، هەر كێیەك بێت، هەموومان لە خزمەتتاندا دەبین”.
لە كۆتایشدا ئاماژەی بەوەدا، هیچ كات قوربانیی شەهیدەكانمان لەبیرناچێتەوە.