ئالابا کۆتا وادەی بۆ بایرن دیاریکردووە و سێ یانە ململانێ بۆ گواستنەوەی دەکەن

ئالابا لە بایرن دوورکەوتووەتەوە و سێ یانەی گەورە خواستیان لەسەر گواستنەوەی نیشانداوە

تادێت کەلێنی نێوان داڤید ئالابای یاریزانی نەمسایی و یانەی بایرن میونشن فراوانتر دەبێت، سێ یانەی خوازیاریش هەوڵ بۆ گواستنەوەی دەدەن.

ڕۆژنامەی بێلد سپۆرتی ئەڵمانی ئاشکرایکردووە، لە ماوەی ڕابردوودا یانەی بایرن میونشن سێجار هەوڵیانداوە بۆندی بەرگریکارە نەمساییەکە نوێبکەنەوە، بەڵام شکستیانهێناوە و بەو هۆیەوە سەرجەم ئۆفەرە پێشکەشکراوەکانیان کشاندووەتەوە.

جەمسەری ئالابا کە لە باوکی و چیا گۆرباشیانی لێپرسراوی کارەکانی پێکهاتوون تاوەکو یەکی کانونی دووەم مۆڵەتیان بە یانە ئەڵمانییەکەداوە، داوایانکردووە تاوەکو ئەو وادەیە کۆتا ئۆفەر بە موچەی ساڵانەی (10) ملیۆن یورۆ پێشکەشبکەن، ئەم داخوازییانەش مەحاڵە لەلایەن یانە باڤارییەکەوە جێبەجێبکرێت.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی، یانەکانی پاریس سانت جێرمان و چێڵسی هەوڵەکانیان بۆ واژووکردنی بۆندی ئالابا دەستپێکردووە، پاریس نزیکترە و ئامادەن سەرجەم خواست و مەرجەکانی بەدیبهێنن، بەڵام هێشتا بەهۆی بوونی یانەکانی ڕیاڵ مەدرید و بەرشلۆنەوە گومان لە هەر ڕێککەوتنێکی پێشوەختە دەکرێت.

یانەی بەرشلۆنە لەڕووی دارایی و کارگێڕییەوە تاوەکو ڕادەیەک لە دانوستاندنەکاندا جدی نەبووە، بەڵام بەرپرسانی یانەی ڕیاڵ مەدرید دەیانەوێت هەوڵەکانیان فەرمی و بە ئاگاداری ئیدارەی بایرن میونشن بێت.

مارکا دووپاتیدەکاتەوە، پێرێز و ئەنخێل سانچێزی سەرۆک و بەڕێوبەری جێبەجێکاری شاهانە تاوەکو یەکی کانونی دووەم چاوەڕێ دەکەن و پاشان لەڕووی یاساییەوە هەوڵەکانیان بەفەرمی دەستپێدەکەن، واتا ئەو کاتەی بۆندەکە بەرەو کۆتاییدەچێت و لە رووی یاساییەوە ڕێگەپێدراوە دانوستاندنی لەگەڵدا بکرێت، یاریزانەکەش زیاتر خواستی لەسەر یانە زەبەلاحەکەی مەدرید نیشانداوە، ئەگەر بێتو لەگەڵ بایرن بە ڕێککەوتنێکی نوێ نەگات.

بابەتی پێشتر

خشتە و کاتی یارییەکانی ئەمڕۆ، شەممە بەکاتی هەرێمی کوردستان

بابەتی دواتر

وەزارەتی دارایی خشتەیەکی نوێی موچەی بڵاوکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share