لاپۆرتا: مێسی چاوەڕێدەکات و لەگەڵ ساندرۆ ڕۆسێل یەکدەگرینەوە

خوان لاپۆرتا دووپاتیدەکاتەوە، مێسی تاوەکو دوای هەڵبژاردنەکان بڕیاری ڕۆیشتن لە بارسا نادات

بەهێزترین کاندید بۆ پۆستی سەرۆکی یانەی بەرشلۆنە دووپاتیدەکاتەوە، مێسی تاوەکو دوای هەڵبژاردنەکان چاوەرێدەکات و ڕوو لە هیچ یانەیەکی دیکە ناکات.

خوان لاپۆرتا، پارێزەر و کەسایەتی ناوداری هەرێمی کەتەلۆنیا دووبارە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی یانەی بەرشلۆنە کاندیدکردووەتەوە، لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوساندا چەندین زانیاری گرنگ لەبارەی پڕۆژەکانیەوە ئاشکرادەکات.

لاپۆرتا بە موندۆ دیپۆرتیڤۆی ڕاگەیاندووە، ” هاوشێوەی گەڕانەوەی ستیڤ جۆبز بۆ کۆمپانیای ئەپڵ، منیش دەمەوێت لە سەردەمی دووەممدا کارێکی گەورە بکەم و خۆشبەختی بگەڕێنمەوە بۆ یانەی بەرشلۆنە”.

لە بارەی لیۆ مێسییەوە دەڵێت، ” پەیوەندی بەردەوامم لەگەڵ مێسی هەیە، لەبارەی داهاتوو قسەم لەگەڵدا نەکردووە، بەڵام دڵنیام تاوەکو دوای وادەی هەڵبژاردنەکان چاوەڕێدەکات، بەڕاستی دەمەوێت بەردەوامبێت و بۆ ئەم مەبەستەش پێشنیازێکی نوێی بۆدەکەم”.

لاپۆرتا لە وەڵامەکانیدا ناوی ساندرۆ ڕۆسێلی سەرۆکی پێشووی یانە کەتەلۆنیەکە دەهێنێت و دەڵێت، ” ئەوەی لە نێوانماندا ڕوویدا ڕوویدا و کۆتاییهات، دوای پچڕانی پەیوەندییەکانمان و زیندانیکردنی ڕۆسێل دووبارە پەیوەندیمان پێکهێنایەوە، دڵنیام لە داهاتوودا لە بەرشلۆنە یەکدەگرینەوە”.

سەرۆکە مێژوویەکەی بارسا لە یەکێک لە وەڵامەکانیدا ئامەژە بە لێدوانەکانی ڤیکتۆر فۆنت دەکات لە بارەی گەڕاندنەوەی چاڤی هێرناندێز وەک ڕاهێنەری یانە و دەڵێت، ” چاڤی و گواردیۆلا لەو یاریزانانەن کە پێگەی تایبەتییان هەیە، چاڤی باش دەناسم و پەیوەندیمان زۆر باشە، هەر کاتێک هەستدەکات کاتی هاتووە ببێتە ڕاهێنەری بەرشلۆنە دەرگا کراوەیە، بەڵام لە ئێستادا ئێمە خاوەنی ڕۆناڵد کومانین”.

بڕیارە لە 24ی کانونی دووەمی ساڵی 2021 هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی یانەی بەرشلۆنە ئەنجامبدرێت، براوەی دەنگدانەکە بۆ ماوەی شەش وەرز لەسەر کورسی سەرۆک لە کامپ نو دەمێنێتەوە.

بابەتی پێشتر

فۆنت: ئەگەر چاڤی نەگەڕایەوە، پارەی بلیتی هەموو ئەندامان لە گیرفانی خۆم دەدەم

بابەتی دواتر

خولی سوپەری ئەوروپا چییە؟ جێگەی چامپیۆنزلیگ دەگرێتەوە و یوێفا دژایەتی دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share