پەرلەمانی ئەڵمانیا سەبارەت بە دانپێدانانی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان رایگەیاندووە، بەجینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان مایەی پێزانینە و ئەمڕۆ بۆ ئەو مەبەستە کۆدەبنەوە.
لە راگەیەندراوی پەرلەمانی ئەڵمانیادا هاتووە، هاوینی 2014 وێنەی ئەو کەسانەمان بەدەست گەیشتووە کە لە گوند و ناوچەکانی شارۆچکەی شەنگال هەڵدێن، کە “لەلایەن گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکانەوە دژی ئێزدییەکان کۆمەڵکوژی دەکەن و لە شوێنی ژیان و زێدی خۆیان، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 5000 ئێزدی دەکوژرێن و ئەشکەنجە دەدرێن، ئێمە ئەوە دەبینین و هەستی پێدەکەین”.
باس لەوەشکراوە، “بەجینۆساید ناساندنی ئێزدییەکان لەلایەن بوندێستاگی ئەڵمانییەوە نیشانەی پێزانینە بۆ قوربانیان و نەوەکانیان و ئەڵمانیا گەورەترین ماڵی ئێزیدی/دیاسپۆرای کوردییە و بە چڕی کەمپەینێکی بۆ ناساندنی ئەو کۆمەڵکوژییە لەلایەن پەرلەمانەوە کردووە و ئەمڕۆ لە 19ی کانوونی دووەمی 2023 ئەنجام دەدرێت”.
لە 3ی ئابی 2014 چەكدارانی داعش دوای دەستگرتن بەسەر چەندین ناوچەی عێراقدا، هێرشێكی بەرفراوانیان كردەسەر شەنگال و دەوروبەری، سەرەڕای كوشتارێكی گەورەی لەو ناوچانە بەرامبەر پیاوان و گەنجان، هەزاران كچ و ژنی ئێزدییان رفاند بە كەنیزەیان كردن كە تائێستا سەدانیان بێسەرشوێن ماونەتەوە.
ئێزیدییەكان كە زۆرینەی دانیشتووانی شەنگال پێكدەهێنن و خاوەنی كۆنترین ئایینن لە عێراق، ژمارەیان لە نێوان 600 بۆ 650 هەزار كەس دەبێت، بە درێژایی مێژوو رووبەڕووی 73 قڕكردنی بەكۆمەڵ بوونەتەوە و، دواینیان ئەو قڕكردنە بوو كە لەسەر دەستی داعش دووچاری هاتن.