چوار لایەنی سیاسی: لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنداین

دەزگای هەڵبژاردنی چوار لایەنی سیاسی رایدەگەیەنن، لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژادنداین، بەڵام پێویستە یاساكەی هەمواربكرێتەوە.

دەزگاکانی هەڵبژاردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بزوتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی دادگەری کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا و لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا دەڵێن، “لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنین، بەڵام پێویستە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەمواربکرێتەوە و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێمیش کارابکرێتەوە”.

دووپاتیشیدەكەنەوە، دەبێت لایەنە سیاسییەکان کەشێکی گونجاو و سەقامگیر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و دیموکراسییانە فەراهەم بکەن.

پێشتر 1ی تشرینی یەكەمی 2022 بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاریكرابوو، بەڵام بەهۆی رێكنەكەوتنی لایەنەكان لەسەر هەمواركردنی یاسای هەڵبژاردن نەتوانرا هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، بۆ ئەوەش هەرێمی كوردستان نەكەوێتە بۆشایی یاساییەوە تەمەنی سەرۆكایەتیی هەرێم، پەرلەمان و حكومەتی هەرێم درێژكرایەوە.

پێشتر لوقمان وەردی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، پێشنیازە یاسایەكمان پێشكەشكردووە و داوامانكردووە سیستمی هەڵبژاردن بكرێتە فرەبازنە و كورسیی پێكهاتەكانیش بەسەر سەرجەم پارێزگاكاندا دابەشبكرێن.

بابەتی پێشتر

سەرچاوەیەک: چیرۆکی ڕیاڵ و مباپێ بەردەوامە

بابەتی دواتر

مانچستەر یونایتد "گەوهەرەکەی" لە مەدرید دەشارێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share