ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی لە ساڵی نوێدا ئەنجامدا و راسپاردەیەکی حەوت حاڵی تایبەت بە پێدانی مۆڵەتی دانانی سیستمی LPG پەسەندکردووە.
ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پاڵپشت بە ئەنجامی لێکۆڵینەوە و راسپاردەی لیژنە تایبەتمەندەکان راسپاردەیەکی حەوت خاڵیمان سەبارەت بە بەکارهێنانی غازی LPG پەسەندکرد”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “بەرپرسیارێتی پێدانی مۆڵەتی سیستمی LPG رووبەڕووی قائیمقامیەتی قەزاکان و شارەوانی و بەرگری شارستانی و وەبەرهێنانی شارەکان دەکرێنەوە، چ بۆ ئەوانەی ماڵان و چ ئەوانەی لە دامەزراوە و شوێنە گشتییەکان بەکاردێن”.
سەبارەت بە کێشەی کەمی غازی ماڵان وتی، “ئەو غازەی بۆ سلێمانی تەرخانکراوە زۆر کەمە، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانیمان راسپاردووە بۆ زیادکردنی ئەو بڕە و چەندین جاریش نوسراومان ئاراستەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردووە، بەڵام وەڵامیان نەداوینەتەوە”.