بڕیار رەشید: ئێمە هەوڵماندا یەك بەرمیل نەوت بە 30 هەزار دابینبكەین سەرۆكی حكومەت بە 105هەزار ڕازیبوو

بڕیار رەشید پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، بەهۆی نەبوونی هەماهەنگی لە نێوان شاندی حكومەتی هەرێم و پەرلەمانتارە كوردەكان، سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەبێ گفتوگۆكردن و هەبوونی زانیاری پێویست لەسەر بابەتەكە بە نرخەكەی بەغداد بۆ نەوتی سپی ڕازیبوو كە نرخی یەك لیتر نەوت بە 500 دینار دابینبكرێت لەكاتێكدا ئێمە پێشتر هەوڵماندا یەك لیتر بە 150 دینار دابینبكرێت و هەموو ئەمانەش نەبوونی هەماهەنگییە كە هەوڵەكانی پەرلەمانتارە كوردەكانیان لەباربرد.

راشیگەیاند، لە 31ی 10ی 2022 لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ د.حامید زوبێعی بریكاری وەزارەتی نەوتی عێراق 17 خولەك گفتوگۆمان كرد و دوای گفتوگۆیەكی چڕوپڕ بۆ دابەزاندنی نرخی نەوتی سپی بابەتەكە داواكاریی ئێمە بوو بۆ دابەزاندنی نرخی نەوتی سپی بۆ 150 دینار.

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، دوای دەستپێكی هەوڵەكانمان لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردووەوە و چەندین سەردانی وەزیر و بریكاری وەزارەت و بەرپرسانی تر لەم بابەتە و وێرای خراپیی پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێم و ناوەند بە دیاریكراوی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و وەزارەتی نەوتی عێراق و دواجار دوای بەردەوامبوون بۆ ماوەی چوار مانگ توانیمان عێراق ڕازیبكەین بە ناردنی 50 ملیۆن لیتر بۆ هەرێمی كوردستان و ئەو كات بە هیچ شێوەیەك باسی جیاوازیی نرخ نەكرا و لە 10ی 10ی 2022 لەگەڵ د. هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا قسەمان كرد بۆ وەرگرتنی ئەو بڕە نەوتە و ناردنی دۆكێومێنتی پێویست.

ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاند، تاكو ڕێكارەكان تەواوكراون دۆكومێنتەكانمان بە دەستگەیشت، بابەتێك هێنرایە ئاراوە كە جیاوازی نرخ بوو و لە 18ی 10ی 2022 ئەو نووسراوەیان بۆ ناردم كە لە 16ی 10ی هەمان ساڵ كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان ئاراستەی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی كردووە و كە 750 دینار بۆ هەر لیترێك دیاریكرابوو و هەر زوو بە هەماهەنگیی لەگەل حاكم سالار وەزیری دادی ئەو كات پەیوەندیمانكرد بە وەزیر و بریكاری وەزیر و دوای گفتوگۆیان وەك لیژنە لەسەر داوای ئێمە بڕیاریاندا كە لە 750 دینار بۆ لیترێك بكرێت بە 500 دینار هەر و ئەمە نەك جێی دڵخۆشی نەبوو، بەڵكو زۆر جێی نیگەرانی ئێمە بوو، داواكاریی ئێمە بۆ ئەوەبوو هەمان نرخی پارێزگاكانی تری عێراق بێت.

چونكە هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان كێشەیان لەگەڵ نرخی نەوتی سپیی حكومەتی هەرێم ئەوەیە كە بەرمیلی بە 103 هەزار دینارە و بارگرانییە بۆ سەریان و ئەو نەوتەی عێراق دابینیكردووە نرخی 500 دینار بۆ لیترێكە واتە بەرمیلی 105 هەزار دینار دەبێت و ئێمە بەردەوامبووین لەسەر داواكارییەكە و لەپەرلەمان دووبارە داوامكرد جیاوازی نەكرێت لە نێوان پارێزگاكانی عێراق، چونكە ناكرێت بۆ پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور لیتری بە 150 دینار بێت لە كاتێكدا سەرما لای ئەوان زۆر كەمترە بەراورد بە هەرێم، بەڵام بۆ هەرێم لیتری بە 500 دینار بێت.

ئاشكراشیكرد، “لەگەڵ محەمەد حەلبووسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران دوای ئەوەی قسەم لەگەل كرد ئەویش راستەخۆ لەسەر نووسراوی ئێمە نووسراوی كرد بۆ ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران و دواتر جێگری سەرۆكی پەرلەمان و ئەویش نووسراوی كرد بۆ لیژنەی سووتەمەنی و هەریەك لە سەرۆك كۆمار كە پێشتر نووسراوم بۆ كردبوو و بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانیش لە رێگای خالد شوانییەوە لە گفتوگۆدا بووەین لەگەڵیدا”.

وتیشی، “چەند جارێك د.حامید پێیراگەیاندم ئەگەر حكومەتی هەرێم نەوت ڕادەستی بەغداد بكات هەموو ماڵێكی كوردستان ساڵانە هەمان بەشە نەوتی سپی و بە هەمان نرخ یەك بەرمیل نەوت بە 30 هەزار دینار وەردەگرێت و ئەم كێشانە كۆتاییان دێت، بەڵام كە پێداگریم دەكرد بۆچی ئێستا بۆ هەرێم بەرمیلی دەبێت بە 100 هەزار بێت لە وەڵامدا دەیوت كە یەكەم عێراق خۆشی نەوت هاوردە دەكات و وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمیش هەر بە 100 هەزار دەیدات بە هاوڵاتییان، وەك ئاماژەیەك بۆ ئەوەی كە حكومەتی هەرێم خۆی بە 100 بیدات ئێمە چۆن بە كەمتر بیدەین بە هاوڵاتیانی پارێزگاكانی هەرێم”؟

ئەوەشیخستەڕوو، “لەهەوڵدابووین بۆ ئەوەی ئەو نرخە هاوتا بكەین تاكو ڕۆژی پێنجشەممەی رابردوو 12ی 1ی 2023 كە بە داخەوە لە راگەیاندنەكانەوە وەك ئەوەی باسی دەستكەوتێكی گەورەبكەن، دەڵێن سەرۆكی حكومەتی هەرێم 50 ملیۆن لیتری نەوتی سپی بە نرخی 500 دینار دابینكرد، هەمان ئەو بڕەی كە:-

یەكەم:- ئێمە گەیاندمان بەو قۆناغە

دووەم:- لە مانگی 10ەوە قبووڵمان نییە لەبەر زۆريی نرخەكەی لە چەندین رێگای یاسای و پەیوەندیی حزبی و كەسییەوە لە هەوڵداین بۆ هاوتاكردنی نرخەكەی لەگەڵ نرخی پارێزگاكانی تری عێراق بۆ 150 دینار واتە بەرمیلی 30 هەزار دینار كە دەبوو سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئاگاداری ئەو ڕاستییە بێت كە بەم نرخە دەمانتووانی پێشتر وەریبگرین، بەداخەوە مەسرور بارزانی هەوڵەكانی ئێمەی وەستاند و زەرەمەندی سەرەكیی وەك هەمیشە هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەبێت.

بابەتی پێشتر

بە بڕیاری بافڵ جەلال تاڵەبانی پڕۆژەی سەوزكردنی چەند شارێكی تر جێبەجێدەكرێت

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) یونایتد دێربیی مانچستەری لە سیتی بردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share