سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، دروستكردنی هێز لە دەرەرەی یاسا ماڵوێرانی گەورەیە بۆ میللەتەكەمان و دەشڵێت، “ماوەی چەند رۆژێكە ئەو بابەتە هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستانی دووچاری دڵەڕاوكێ كردووە”.
شاخەوان ڕەئوف، سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، “دروستكردنی هێزی لە دەرەوەی بڕیاری وەزارەتەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ و ئەنجومەنی ئاسایش بۆ مەبەستی كەسی و حزبیە، ماوەی چەند رۆژێكە كە باس لە دروستكردنی هێز دەكرێت، هاوڵاتییان دووچاری ترس و دڵەڕاوكێ بوون و لەگەڵ قۆناغی ئێستای هەرێمی كوردستانیشدا ناگونجێت”.
ئاشكراشیكرد، ئێستا زۆرینەی هاوڵاتییان دروستكردنی هێزی چەكدار رەتدەكەنەوە، جگەلەوەش دروستكردنی هێز لە دەرەوەی یاسا كارپێكراوەكان دواجار هەر ماڵوێرانی گەورەیە بۆ میللەتەكەمان”.