ژنێكی ئەڵمانی بە تۆمەتی بەكۆیلەكردنی ئێزدییەك دادگایی دەكرێت

نادین ك. لە یەكەم دانیشتنی دادگاییەكەیدا

دوای گەڕانەوەی لە سوریا ژنێكی ئەڵمانی بە تۆمەتی بە كۆیلەكردنی كچێكی گەنجی ئێزدی دادگایی دەكرێت، خۆی و هاوسەرەكەی كچە ئێزدییەكەیان كردووە بە كۆیلە. هاوسەرەكەی دەستدرێژی كردووەتەسەر و لێیداوە بە ئاگاداریی هاوژینەكەی كە رووبەڕووی دادگا كراوەتەوە.

دانیشتنەكەی دادگا رۆژی چوارشەممە 11ی كانونی دووەم لە كۆبلنز لە رۆژئاوای ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، دادگاكە تۆمەتی ئەندامێتیی داعشی رووبەڕوو كردوونەتەوە.

تۆمەتبارەكە ناوی نادین ك. (37 ساڵ)ە كە لەوەتەی لە ئازاری 2022ەوە لە سوریاوە بۆ ئەو وڵاتە گەڕاوەتەوە دەستبەسەركراوە بەتۆمەتی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی، بەكۆیلەكردنی خەڵك و تێوەگلان لە ئەنجامدانی لەناوبردن و تاوانی جەنگ.

بەپێی دادگاكە، تۆمەتبار هیچ شتێكی لەسەر ئەو تۆمەتانە نەوتووە، لەگەڵ ئەوەشدا پارێزەری بەرگری رایگەیاند، لە ئایندەدا لە بەردەم دادگادا قسەی خۆی دەكات.

چیرۆكی رووداوەكە چۆنە؟
بەپێی یاداشتی تۆمەت كە خراوەتە بەردەم دادگا، نادین ك. لە ساڵی 2014دا لەگەڵ هاوسەرە سورییەكەی چوونەتە سوریا بۆ چوونەپاڵ داعش. لە ساڵی 2015 هەردوو هاوسەرەكە چوونەتە موسڵ لە عێراق. هاوسەرەكەی وەك پزیشك و چارەسەركاری چەكدارانی داعش كاریكردووە، لەكاتێكدا هاوژینەكەی پاڵپشتیی كردووە لە بەڕێوەبردنی ماڵ و پەروەردەكردنی هەردوو كچەكەی.

دوو هاوسەرەكە لە ماڵێكی دەستبەسەرداگیراودا ژیاون، چەك و تەقەمەنییان عەمبار كردووە و میوانداری كچە پێگەیشتووەكانی سەر بە داعش-یان كردووە بەر لە هاوسەرگیركردنیان.

لە بەهاری 2016ەوە، بەپێی یاداشتەكە، هاوسەرەكەی كچێكی ئێزدیی تەمەن 22 ساڵی هێناوەتەوە بۆ ماڵەكەی وەك كۆیلەیەكی خۆی و هاوژینەكەی. ئەو كچە پێشتر لەلایەن چەكدارانی داعشەوە دەستبەسەركراوە پاش هەڵكوتانەسەر گوندەكەیان لە ساڵی 2014دا، لەو ماوەیەشدا وەك كەنیزەك و سەبایا دراوەتە ئەندامانی دیكەی داعش. داواكاری گشتی دەڵێت، كچە گەنجەكە ناچاركراوە بە ئەنجامدانی خواردن ئامادەكردن، پاككردنەوە و گرنگیدان بە منداڵەكانی دوو هاوسەرەكە.

لە یاداشتی تۆمەتباركردنەكەدا هاتووە، “هاوسەرەكەی بە بەردەوامی دەستدرێژیی سێكسی كردووەتەسەر كچەكە و لێیداوە، هاوژینەكەی ئاگاداربووە” روونیشیكردووەتەوە، هاوژینەكەی (واتە نادین) خودی خۆی چاودێریی كچە دەستبەسەرداگیراوەكەی كردووە تا نەتوانێت هەڵبێت.

دوو هاوسەرەكە و كچە دەستبەسەركراوەكە لە كۆتایی 2016دا چوونەتە سوریا، لەوێ ماونەتەوە تا سەرەتای ئازاری 2019، لەوكاتەدا كچە ئێزدییەكە ئازادی بەدەستهێناوەتەوە لە سایەی هەرەسپێهێنان بە داعش لەسەر دەستی هێزەكانی سوریای دیموكرات و شەڕڤانانی كورد. بەپێی داواكاری گشتی هێزە كوردییەكان خێزانەكەیان لەكاتی هەڵهاتن لە باغۆز-ی سوریا دەستگیركردووە. تۆمەتبار و كچەكەش لەلایەن شەڕڤانانەوە دەستگیركراون.

(نادین ك.) لە كامپی سەر بە هێزەكاندا ماوەتەوە و لە ئازاری 2022 لەو هەڵمەتی گەڕاندنەوەیەی حكومەتی ئەڵمانیا ئەنجامیداوە لەگەڵ 9 كەسی دیكەی لایەنگری داعش و 27 منداڵدا گەڕێندراونەتەوە وڵاتەكەی خۆیان. ئەو و سێ ژنی دیكە راستەوخۆ پاش گەیشتنەوەیان بە فڕۆكەخانەی فرانكفۆرت دەستگیركراون و لەوكاتەوە دەستبەسەرن.

بابەتی پێشتر

لە سلێمانی کەسێک باوکی خۆی کوشت و دەستگیرکرا

بابەتی دواتر

خانووە زیادەڕۆكان تاپۆدەكرێن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share