بەهۆی دوو یاریزانەوە کۆمەک بۆ هەڵبژاردەی یەمەن دەکرێت

هەینی ڕابردوو هەڵبژاردەی یەمەن یەکەم یاریی خۆی لە جامی کەنداوی (25) بەرامبەر سعوودیە ئەنجامدا، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی جەنگی نێوان دوو وڵاتەکەوە یارییەکە کەشێکی سیاسی هەبوو، بەڵام لە خولەکی (85) ڕووداوێک ڕوویدا، هەموو شتێکی لەبیری هاندەران بردەوە.

لە کاتی ئاڵوگۆڕکردنی یاریزانێکی یەمەن (عومەر ئەلداحی)، یاریزانە هاوڕێکەی لەدەرەوەی یاریگا چاوەڕوانی دەکرد، تاوەکو پارێزەری قاچەکانی خۆی پێبدات (ئێسقان).

ئەم ڕووداوە هەرای ناوەتەوە، هاندەرانی تۆپی پێی عێراق هاشتاگیان کردووە و داوا دەکەن حکومەتی عیراق هەستێت بە دابینکردنی پێداویستییە وەرزشییەکان بۆ هەڵبژاردەی یەمەن، کە لە ئێستادا وڵاتەکەیان بە دۆخێکی خراپدا تێپەڕدەکات، تەنانەت کار گەیشتووەتە ئەوەی داوا لە خێڵە دەوڵەمەندەکانی بەسڕە کراوە یارمەتییان بدەن، وەک وەڵامێکیش بۆ ئەم هاشتاگە، بەشێک لە هاندەرانی هەڵبژاردەی عێراق دەستیانکردووە بە کۆکردنەوەی کاڵای وەرزشی بۆ یاریزانانی یەمەن.

 

 

هاندەرانی یەمەن بەم ڕووداوە توڕە و دڵتەنگ بوون لە فیدراسیۆنی وڵاتەکەیان، داوا دەکەن سەرجەم بەرپرسان دووربخرێنەوە، فیدراسیۆنیش لە ڕاگەیاندراوێکدا دەڵێت، “ئێمە ملیۆنان دۆلار لە هەڵبژاردەکەماندا بەکاردەخەین و سەرجەم کاڵاکانمان بۆ یاریزانان لە براندە جیهانییەکان دابینکردووە، ئەوەی ڕوویداوە تەنها ئاڵوگۆڕی کاڵابووە لە نێوان دوو یاریزاندا، واتای ئەوە ناگەیەنێت کە پارێزەری قاچەکانیان نییە.”

بابەتی پێشتر

بۆچی بن سەلمان بە كاریگەرترین كەسایەتیی سیاسیی 2022 دەستنیشانكرا؟

بابەتی دواتر

ماڵی پێشمەرگەیەك سووتا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share