سۆڵدیڤیا کێیە؟ بکوژی بەرشلۆنە لە جامی شای ئیسپانیا

یاریزانی یانەی ئینتەر سیتی، ئۆریۆل سۆڵدیڤیا لە قۆناغی 32ی جامی شای ئیسپانیا “هاتریک”ی بەرامبەر بەرشلۆنە تۆمارکرد و سەرنجی یانە زەبەلاحەکانی ئیسپانیا و ئەوروپای بەلای خۆیدا ڕاکێشا.

سۆڵدیڤیا لە تایمی دووەمی یاریی نێوان ئینتەر سیتی و بەرشلۆنە سێ گۆڵی تۆمارکرد، ئەستێرەکانی بارسا هەر گۆڵێکیان تۆماربکردایە، ئەم یاریزانە بە گۆڵ وەڵامی دەدایەوە، تاوەکو لە کاتە زیادکراوەکاندا گۆڵی چوارەمیان لەسەر تۆمارکرا و ماڵئاواییان لە جامەکە کرد.

سۆڵدیڤیا کێیە؟

ئۆریۆل سۆلدیڤیا لەلایەن هاندەرانی ئینتەر سیتی-یەوە بە “سۆڵدی” ناودەبرێت.

یاریزانێکی ئیسپانییە و لە پێگەکانی ناوەندی هێرشبەری، هێرشبەری باڵی ڕاست و چەپ یاری دەکات، نرخی گواستنەوەی (100) هەزار یورۆیە، لە 26ی ئازاری 2001 لەدایکبووە، لە تەمەنی 21 ساڵیدایە.

https://www.youtube.com/watch?v=CFYClx_l1h8

بەهرەدارەکە یەکێکە لە دەرچووانی ئەکادیمیای “لاماسیا”، کە تایبەتە بە یانە کەتەلۆنییەکە، لە ساڵی 2019 لە ئەکادیمیای یانەی بەرشەلۆنە دەرچووە، پێشتریش لە تیپی لاوانی خوار 19 ساڵانی هەمان یانە یاریکردووە.

بەدرێسی “ئازولگرانا”وە لە چامپیۆنزلیگی خوار 19 ساڵان شەش یاریکردووە، بەبێ ئەوەی گۆڵ تۆمار بکات.

بەرەو ئینگلتەرا

ساڵی 2020 ئیسپانیای بەجێهێشتووە و ڕوویکردووەتە ئەکادیمیای بێرمینگهام سیتی، لەو یانەیە پلەی بەرزکراوەتەوە بۆ یاریکردن لەگەڵ تیپی خوار 23 ساڵان.

وەرزی 2021/2022 لە خولی ئینگلتەرای خوار 23 ساڵ، لە 24 یاریدا 10 گۆڵی تۆمارکردووە و شەش گۆڵی ڕەخساندووە.

بە هەمانشێوە لە جامی ی ئینگلتەرا یارییەکی ئەنجامداوە و گۆڵێکی تۆمارکردووە.

بە بارسا خۆی بە جیهان ناساند

سۆڵدیڤیا لە پاڵەوانێتی خولی پلە سێی ئیسپانیا “پریمێرا RFEF” لە کۆمەڵەی دووەم، 17 یاری لەگەڵ ئینتەر سیتی کردووە، تەنها یەک گۆڵی تۆمارکردوووە.

لە گەڕی 64ی جامی شای ئیسپانیاشدا گۆڵێکی بەرامبەر میراندێس تۆمارکردووە، بەڵام بەرامبەر بەرشلۆنە بە سێ گۆڵ سەرنجی هەمووانی بەلای خۆیدا ڕاکێشا، لە ئێستادا میدیاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە یانە گەورەکانی “لالیگا” بیر لە کڕینی دەکەنەوە.

بابەتی پێشتر

سزادراوانی بادینان برانە ژووری تاکەکەسی

بابەتی دواتر

وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو: باران دەریاچە و رووبارەكانی بووژاندووەتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share